شەوەکەی ئیستەنبوڵ.. ئەو رۆژەی هاندەرانی گاڵاتەسەرای بە مان یونایتدیان گوت بەخێربێن بۆ جەهەننەم

رووداو دیجیتاڵ

 

لەسەر ئەم یارییەی ئەمشەو لە ئیستەنبوڵ لە نێوان گاڵاتەسەرای و مان یونایتد بەڕێوەدەچێت، با ئەم چیرۆکەتان بۆ بگێڕمەوە.
 
30 ساڵ لەمەوپێش، مانچێستەر یونایتد یەکەم سەردانی بۆ ئیستەنبوڵ ئەنجامدا، ئەوکات سێر ئەلێکس فێرگسۆن راهێنەری یونایتد بوو. لە هەمان مانگی یانزەی ساڵی 1993 بوو، مان یونایتد چووە ئیستەنبووڵ بۆ یارییکردن بەرامبەر گاڵاتەسەرای.
 
لە فڕۆکەخانە هاندەرانی گاڵاتە لە پێشوازی یونایتد بە دروشمی گەورە نووسییان، بەخێربێن بۆ جەهەننەم و بەڕووی یاریزانانی یونایتددا بەرزیان کردەوە. یاریزانەکان بەرەو هوتێلەکەیان کە هوتێلێکی گرانبەهابوو دەیڕوانی بەسەر تەنگەی بۆسفۆردا بەڕێکەوتن.
 
گاری بالیستەر کە لە 1989 تاوەکو 1998 یاریزانی مان یونایتد بووە، دەڵێ یاریزانەکان پێکەوە روومان کردە دەروازەی هوتێلەکە، من شەوباشم لە پێشوازیکەری بەر دەرگاکە کرد، کەچی ئەو دەستی هەڵبڕی و ئاماژەی سەربڕینی بۆ من کرد، ئەوکات ئیدی تێگەیشتن بەخێربێن بۆ جەهەننەم مانای چی. 
 
ئەو زیاتر دەڵێ، شەوەکە زۆر سەیر بوو، دەبوو سبەی بەرامبەر گاڵاتە یاریی بکەین.. لە هوتێلێکی خۆشدابووین بەڵام لێمان بووە دۆزەخ، لەناکاو ئامێری هۆشداریی کەوتنەوەی ئاگر لێیدا و ئیدی هەر کەسە و ناچاربوو لە ژوورەکەی رابکاتە دەرەوە، بەڵام پاش ماوەیەکی زۆر مانەوەمان لە دەرەوە، روون بووەوە کە ئەوەی روویداوە زەنگێکی درۆزنانە بووە.
 
بالیستەر دەڵێ، هەر ئەوەندە نەبوو، کاتێک گەڕاینەوە، گوێمان لێبوو ئیدی لەسەرووی هەندێک لە ژووری یاریزانەکان، تەقەتەق و بێزارکردن دەستیان پێکرد، ئەوکات بریان ماکلێر و جیم ماکگریگۆر کە چارەسەرکاری سرووشتیی یانەکە بوو، بەدەم دەنگەکەوە چوونە نهۆمی سەرتری هوتێلەکە، چونکە دەنگەکە هەمووانی بێزارکردبوو، کەچی کاتێک چوونە ئەوە ژوورەوە کە دەنگەکەی لێوە دەهات، بینییان، کرێکارێکی خاوێنکردنەوەی هوتێلەکە، بە پارچە ئاسنێک لە زەوی ژوورەکە دەدات بۆ بێزارکردنی ئەوانەی خوارەوە، کە ئەوانی بینی، بێخۆسەخڵەتکردن ژوورەکەی بەجێهێشت.
 
چیرۆکی دۆزەکە لەوێدا کۆتایی نەهات، دواتر تەلەفۆن لێدانی بەردەوام بۆ ژوورەکانی هوتێلەکە دەستیان پێکرد.. مایک فیلان دەڵێ، بەزمێک روویدەدا و پاش کەمێک ئارامبوونەوە یەکیکی دیکە سەری هەڵدەدا، ئەو دەڵێ لە دوای ئەو بەزمانە، ئیدی لێدانی زەنگی تەلەفۆن بۆ هەموو ژوورەکانی یاریزانان دەستیانپێکرد، تەنانەت من تاوەکو بەیانی چەند جارێک تەلەفۆنم بۆ هات بێئەوەی بزانم کێیە بەو شەوە تەلەفۆن دەکات.
 
شەوەکە کارەسات بوو بەمانای وشە.. یونایتد بەهۆی یەکسانبوونی بەبێ گۆڵ لە چامپیۆنزلیگی ئەو ساڵە دەرکرا.. هاکان شوکور لە 92 تاوەکو 95 کۆی 90 یاری بۆ گاڵاتەکردووە و 54 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەو دەڵێ باوەڕناکەم ئەوەی روویدا رقی لە پشتەوە بووبێت.. 
 
لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا ئێریک کانتۆنا بەکارتی سوور دەرکرا، پۆلیس بردیانە دەرەوەی یاریگە، بەڵام لەتونێلی ژووری جلگۆڕیندا، کەس نەیزانی چۆن لێیدرا و کێ بوو.
 
هەر ئەوەندە نەبوو، تووندوتیژی لە هەموو لایەکەوە رووی لە یونایتد کردبوو، سێر ئەلێکس فێرگسۆن جلەکانی بەری لە تونێلەکەدا دڕێندران، تەنانەت یاریزانەکان ناچاربوون بەپەلەپڕوزێ لە یاریگە بچنە دەرەوە و خۆیان بگەیەننە نێو پاسی یانەکە و پاسەکەش کەوتە بەر هێرشی هانددەران و جامەکەی شکا.