دوو یاسای نوێ بۆ تۆپی پێ زیاد دەکرێن و لە پرێمەرلیگدا تاقیدەکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوو یاسای نوێ بۆ تۆپی پێ زیاد دەکرێت و گۆڕانکاری گەورە لە وەرزشەکەدا درووستدەکات. 
 
دەستەی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئایفاب، لە کۆبوونەوەی ساڵانەیاندا لە شاری لەندەن گفتوگۆیان لەسەر چەندین یاسای نوێ کرد کە دەیانەوێت بۆ یاری تۆپی پێ زیادی بکەن و بڕیاریاندا دوو یاسای نوێ لە پرێمەرلیگدا تاقی بکەنەوە. 
 
ئایفاب دەیەوێت لە وەرزی داهاتووەوە شێوازی هەڵسوکەوتی یاریزانەکان باشتربکات و رێزی زیاتر بەرامبەر ناوبژیوانان بنوێنن، بۆ ئەم مەبەستەش پشتگیری لە یاسای زیادکردنی کارتی سەوز دەکات و هەروەها دەیەوێت یاسایەکی نوێ جێبەجێ بکات کە جگە لە کاپتنی یانەکە هیچ کام لە یاریزانان و راهێنەران رێگەیان پێنەدرێت گفتوگۆ لەگەڵ ناوبژیوانان بکەن و ناڕەزایی لە دژی بڕیارەکان دەرببڕن. 
 
یاسای بەکارهێنانی کارتی سەوز لە چەند خولێکی نافەرمی و ئاستی لاوان بەکارهێنراوە و سەرکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی یاساکە ئەم جۆرە کارتە کاتێك بەکاردەهێنرێت کە یاریزانێك هەڵەیەك بکات کە شایستەی زیاتر لە کارتێکی زەرد بێت و بەڵام شایەنی کارتی سوور نەبێت، کاتێکیش یاریزانێك ئەم کارتەی بەڕوودا بەرزدەکرێتەوە دەبێت بۆ ماوەی 10 خولەك یاریگە بەجێبهێڵێت و دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی دەگەڕێتەوە یاریگە و لە یاریکردن بەردەوامدەبێت. 
 
یەکێك لە نموونەی ئەو فاوڵانەی شایستەی ئەم کارتەیە، فاوڵەکەی جیۆرجیۆ کیلینی بەرگریکار بوو کاتێك لە یاریی کۆتایی یۆرۆ لە نێوان ئیتاڵیا و ئینگلتەرا درێسی بوکایۆ ساکا، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا رادەکێشێت و بەریدەداتەوە، ناوبژیوانیش تەنیا کارتێکی زەردی پێدەدات، بەپێی هەواڵەکان لە دوای جێبەجێکردنی یاساکەوە فاوڵی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانەکە کارتی سەوز وەربگرێت و بۆ ماوەی 10 خولەك لە یاریگە بکرێتە دەرەوە. 
 
یاساییەکی دیکە کە ئایفاب دەیەوێت جێبەجێی بکات ئەوەیە کە تەنیا لە چەند دۆخێکی دیاریکراودا و تەنیا کاپتنی یانەکە بتوانێت بەرەوڕووی ناوبژیوان بڕوات و گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، مەبەست لەم بڕیارەش باشترکردنی هەڵسوکەوتی یاریزانان و راهێنەرانە بەرامبەر ناوبژیوانان، بەپێی هەواڵەکان لەم چەند ساڵەی رابردوودا قەیرانی ناوبژیوانان بەرۆکی فیفا گرتووە، هۆکاری ئەمەش بە ووتەی میدیاکانی بەڕیتانیا ئەوەیە کە هیچ کەس نایەوێت پیشەیەك هەڵبژێرێت کە بەردەوام هاواری بەسەردا بکرێت و قسەی ناشرینی پێبوترێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ئەو کێشانە چارەسەربکات و خەڵکێکی زیاتر روو لە پیشەی ناوبژیوانی بکەن.
 
هەرچەندە کاتی جێبەجێکردنی یاساکان دیاری نەکراوە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان رەنگە لە وەرزی داهاتووەوە بڕیارەکان جێبەجێ بکرێن و گۆڕانکاری ریشەیی لە یاری تۆپی پێدا ببینین.