ڤیدیۆ؛ چاڤی ستایشی تیپەکەی و کانسێلۆ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر سەرکەوتنی یانەکەی بۆ قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ پێشاندا و دەڵێت "ئامانجی یەکەممان پێکا."
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای بردنەوەکەیان لە پۆرتۆ بە 2-1 و سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16 بە رۆژنامەڤانانی گوت " ئێمە پێشدەکەوین، ئەم پێشکەوتنەش لە ئەنجامی پڕۆژەکەمان هاتووەتەدی، ئەمە هەموو شتێکە و من رازیم لە ئارستی تیپەکەمان لە نیوەی دووەمدا، پێموایە ئەمە ئەو شێوازەیە کە پێویستە پێیەوە دەربکەوین و ئەو رێگەیەمان دۆزیووەتەوە کە بەدوایدا دەگەڕاین، هەموو یاریزانەکان دڵخۆشن، ئەمڕۆ رۆژێکی خۆشە بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا، ئاستێکی باشمان لە بارسیلۆنا بینی و گەیشتینە قۆناخی 16 و دڵخۆشم بەوە."
 
راهێنەری بارسێلۆنا زیاتر دەڵێت " بوارێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی باشتربین، دەبێت پارێزگاری لە خۆنەویستی خۆمان بکەین، ئێمە ئەوە دەزانین کە هەندێک کاری زۆرباش دەکەین و هەندێکی دیکەش ئەوەندە باش نین، راستە لە جاران زیاتر ئازارمان چەشت، بەڵام ئێمە بەرامبەر تیپێکی گەورە یارییمانکرد و پێموایە پۆرتۆ لە هێڵی بەرگریدا کێشەی هەبوو، هەلی زۆرمان دروستکرد و تیپەکەم شایەنی ئەنجامی کۆتایی یارییەکە بوو، ئەمە هەستی منە."
 
چاڤی لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی بردنەوەکە گوتی "ئەم بردنەوەیە بۆ یانەکە زۆر گرنگبوو، یانەکە دوو ساڵ بوو دەچووە یۆرۆپالیگ، ئەمە متمانە و رۆحیەتی یاریزانەکانی کەمکردبووەوە، ئێمە پێویستیمان بەم بردنەوەیە هەبوو، ئەمە مانای زۆری هەیە بۆ من و یانەکە بەگشتی."
 
راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێت "دوای یەکلاکردنەوەی بلیتی قۆناخی داهاتوو، باشترین کار کە بیکەین ئەوەیە بەیەکەمی کۆمەڵەکەمان بمێنینەوە و بەباشترین شێوە قۆناخی کۆمەڵەکان تەواوبکەین."
 
لەبارەی ئاستی جواو کانسێلۆوە، کە لە یارییەکەدا گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و بووە باشترین یاریزانی یارییەکەش، چاڤی گوتی "کانسێلۆ یارییەکی نایابی کرد، ئەو لە بەرگری و هێرشبەریدا کارێکی زۆرباش دەکات، یاریزانێکی نایابە و تایبەتمەندیی زۆری هەیە، دەتوانێت لەزۆر شوێندا هاوکاریمان بکات، ئێمە ئەمڕۆ باس لە گۆڕینی شوێنی یارییکردنیان دەکەین لەنێوان ئەو و فێلیکسدا، ئەوان دوو یاریزانن زۆرباش لە یەکدی تێدەگەن."
 
بارسێلۆنا یەکەمجارە لە دوای رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە یانەکە، دەگاتە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.