ڤیدیۆ؛ میلان دۆڕا، بارسێلۆنا سەرکەوت و سیتی ریمۆنتادای کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەڕێوەدەچن، شەوی سێشەممە هەشت یاری لە دوو کاتی جیاوازدا ئەنجامدران و ئەنجامی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی.
 
میلان دۆڕا و پاریس بەزەحمەت یەکسانبوو
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی شەشەمی چامپیۆنزلیگدا، کە بەهێزترین کۆمەڵەی ئەم وەرزەی رکابەرییەکەیە، یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی یارییکرد، بەڵام نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات و یارییەکەی بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕاند.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا ئۆلیڤێ ژیرۆ لێدانێکی سزای لەدەستدا، دوای ئەوە لە خولەکی 10 مارکۆ رۆیس بەلێدانی سزا گۆڵی یەکەمی بۆ بۆرووسیا تۆمارکرد و یانە ئەڵمانییەکەی پێشخست.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، لە خولەکی 37 ساموێل چکوێزی ئەنجامەکەی بۆ رۆسونێری یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، یانە ئەڵمانییەکە بەبێ گوێدانە ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات، بەئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە خولەکی 59 جەیمی گیتێنس گۆڵی دووەمی زەردپۆشەکانی تۆمارکرد.
 
دوای 10 خولەک لەو گۆڵە، کەریم ئادێمی لێدانێکی ئاراستەی گۆڵکرد و مایک ماینان نەیتوانی تۆپەکە کۆنتڕۆڵ بکات و گۆڵی سێیەمی لێکرا.
 
یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی دۆرتموند کۆتاییهات، یانە ئەڵمانییەکە لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە بووە خاوەنی 10 خاڵ و گەیشتە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، ئەیسی میلان لە پلەی کۆتایی ریزبەندە بە 5 خاڵ، پێویستە یاریی داهاتووی لە نیوکاسڵ بباتەوە و پاریس سانجێرمان بدۆڕێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی 16.
 
ئێمباپێ پاریسی لە دۆڕان رزگارکرد
 
لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و لە هەمان کۆمەڵەدا هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی لە باخچەی شازادەکان لە پاریس رووبەڕووی یەکبوونەوە، ئێمباپێ لە دوایین خولەکی یارییەکەدا گۆڵی تۆمارکرد و یانەکەی لە دۆڕان رزگارکرد.
 
پاریس سانجێرمان باشتر لە رکابەرەکەی دەرکەوت، بەڵام لە خولەکی 24 ئەلیکساندەر ئیساک گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد و نیوکاسڵی پێشخست، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی ئینگلیزەکان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا، پاریس سانجێرمان بەهەمان شێوەی نیوەی یەکەم لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبوو و چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی یانەی میوان بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی پی ئێس جی تاوەکو دوایین خولەک هیچ سوودێکی نەبوو.
 
لێدانێکی سزا لە رێگەی ڤارەوە هەژمارکرا، کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 98 سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و یارییەکەی یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک بەیەکسانبوون کۆتاییهات، پاریس سانجێرمان خاوەنی 7 خاڵە و لە پلەی دووەمە، یاریی داهاتووی بەرامبەر دۆرتموندە، نیوکاسڵ بە 5 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندە و لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر میلان یاریی دەکات.
 
پۆرتوگالییەکان بارسێلۆنایا گەیاندە قۆناخی 16
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بردنەوەیەکی زەحمەتی بەسەرکردایەتی دوو یاریزانی پۆرتوگالی، بەسەر رکابەرە پۆرتوگالییەکەیدا بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی 16.
 
بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆی بەرامبەر پۆرتۆ یارییکرد، سەرەتا لە خولەکی 30 پێپی گۆڵێکی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، بەڵام تەنیا دوو خولەک بەسەر ئەو گۆڵەدا تێپەڕی، جواو کانسێلۆ بەباشترین شێوە یاریی بە بەرگریکارانی پۆرتۆ کرد و بە تۆمارکردنی گۆڵێکی بالکێش ئەنجامەکەی بۆ بارسا یەکسانکردەوە.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، جواو فێلیکس گۆڵێکی دیکەی بۆ بلاوگرانا تۆمارکرد، دوای ئەوە یارییەکە هیچ گۆڵێکی دیکەی بەخۆیەوە نەبینی، بارسێلۆنا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ خۆی گەیاندە قۆناخی 16، پۆرتۆ لە پلەی دووەمە بە 9 خاڵ و لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر شاختار یاریی دەکات و بەبردنەوە و یەکسانبوون دەگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لەنێوان هەردوو یانەی شاختاری ئۆکراینی و رۆیال ئانتوێرپی بەلجیکی بوو.
 
شاختار یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، گۆڵەکە لە خولەکی 10 لە رێگەی میکۆلا ماتڤیێنکۆوە تۆمارکرا و یانە ئۆکراینییەکە بووە خاوەنی 9 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندە، لە ئەگەری بردنەوەی یاریی داهاتووی لە پۆرتۆ یانەکە دەگاتە قۆناخی 16.
 
رۆیاڵ ئانتوێرپ سەرجەم یارییەکانی دۆڕاندووە و هیچ خاڵێکی نییە.
 
پاڵەوان ریمۆنتادایەکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد
 
یانەی مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ ریمۆنتادایەکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و لە یاریگەی خۆیدا بەزەحمەت لە لایپزیگی ئەڵمانیی بردەوە.
 
یارییەکە لە یاریگەی ئیتیحاد ئەنجامدرا، لایپزیگ دوور لە هەموو پێشبینییەکان لەنیوەی یەکەمدا هەمووانی سەرسامکرد، کاتێک لە رێگەی لویس ئۆپێنداوە دوو گۆڵی تۆمارکرد و پێشکەوت.
 
لەنیوەی دووەمدا، مانچێستەر سیتی ئەنجامەکەی پێچەوانە کردەوە، سەرەتا لە خولەکی 54 ئێرلینگ گۆڵێکی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، دوای ئەوە لە خولەکی 70 فیل فۆدین گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
سێ خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە، جولیان ئەلڤارێز گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، مان سیتی ریمۆنتادای تۆمارکرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
سیتی پێشتر سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردبوو و سەرجەم یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی بردووەتەوە.
 
ئاتلێتیکۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنی یەکلاکردەوە
 
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بردنەوەی بەرامبەر فاینۆردی هۆڵەندی تۆمارکرد و خۆی گەیاندە قۆناخی شازدە، لەو یارییەدا کە لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی پێنجەم لە هۆڵەندا ئەنجامدرا.
 
لە خولەکی 14 لوتشارێل گێترویدا، یاریزانی فاینۆرد بەهەڵە گۆڵی پێشکەوتنی یانە ئیسپانییەکەی لە دژی یانەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم تەنیا ئەو گۆڵەی تێدا تۆمارکرا.
 
لەنیوەی دووەمدا لە خولەکی 57 ماریۆ هێرمۆسۆ گۆڵی دووەمی بۆ رۆخی بلانکۆس تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 77 ماتس ویفێر ئەنجامەکەی بۆ فاینۆرد کەمکردەوە، بەڵام زۆری نەبرد سانتیاگۆ خیمینێز بەهەڵە گۆڵێکی دیکەی لە خۆیان کردەوە و ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە خاوەنی 3 گۆڵ و یارییەکەی بەو ئەنجامەکە 3-1 بردەوە.
 
ئاتلێتیکۆ بووە خاوەنی 11 خاڵ و راستەوخۆ گەیشتە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ.
 
ئیمۆبێلی لە 3 خولەکدا لازیۆی گەیاندە قۆناخی 16
 
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵە یانەی لازیۆی ئیتاڵی لە رۆما میوانداریی یانەی سێڵتیکی سکۆتلاندیی کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێبردەوە.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە لەنێو هێرشەکانی هەردوولادا بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لەنیوەی دووەمدا، خاوەن یاریگە هێرشەکانی چڕترکردەوە و بە سوود وەرگرتن لە هاندەرانی چاوی لە بردنەوەی سێ خاڵی دیکە بوو.
 
لە خولەکەکانی 82 و 85 چیرۆ ئیمۆبێلی بەئەزموون دوو گۆڵی بۆ یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا تۆمارکرد و لە سێ خولەکدا یارییەکەی لە یەکسانبوونەوە بۆ بردنەوەی لازیۆ گۆڕی و یانەکەی بەو دوو گۆڵە ژمارەی خاڵەکانی بۆ 10 خاڵ بەرزکردەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 یەکلاکردەوە.