ئیکوادۆر و سەنیگال یاریی لووتکە دەکەن و هۆڵەنداش دەیەوێت بە ئارامی بگاتە قۆناخی 16

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2022 بۆ کۆمەڵەی یەکەم کۆتاییدێن، دوو یاری لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچن و ئەو دوو هەڵبژاردەیەی دەگەنە قۆناخی شازدە یەکلادەبنەوە.
 
هەڵبژاردەی هۆڵەندا بە بردنەوەیەک و یەکسانبوونێک خاوەنی چوار خاڵە و هەنگاوێک لە قۆناخی داهاتووە دوورە، رووبەڕووبوونەوەی قەتەری میوانداری پاڵەوانێتییەکە دوایین وێستگەی پرتەقاڵییەکان دەبێت لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا.
 
هۆڵەندا دوای ئەوەی بەرامبەر ئیکوادۆر دوو خاڵی لەدەستدا، دەیەوێت بەیەکەمی کۆمەڵەکەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، بۆ ئەوەی لەو قۆناخەدا خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی گەورەکان بپارێزێت، پیکهاتەی لویس ڤان خالیش بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و بردنەوە ئامانجی یەکەمی هەڵبژاردەکەیە بۆ ئەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ یاریی سەنیگال و ئیکوادۆر سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو یەکلابکاتەوە.
 
هەڵبژاردەی قەتەر، هەرچەند خۆی لە ماڵەوەیە و کرانە دەرەوەی لە مۆندیالدا یەکلابووەتەوە، بەڵام بۆ مێژوو یارییدەکات و دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بردنەوە لە مۆندیالدا تۆماربکات و بەسەربەرزییەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی بکات، بۆیەش پێکهاتەی فیلیکس سانچێز، بەهەموو هێز و توانای خۆیەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هۆڵەندا ئامادەیە و نایانەوێت بە ئاسانی ئەنجامی یارییەکەیان لەدەستبچێت.
 
قەتەر یەکەم وڵاتی میوانداری مۆندیالە، دوو یاریی یەکەم بدۆڕێنێت و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە بکات، لە یاریی رابردوودا محەممەد مونتاری، یەکەم گۆڵی قەتەرییەکانی لە مێژووی مۆندیالدا تۆمارکرد، لەم یارییەشدا هەڵبژاردەکە ئامانجیەتی یەکەم بردنەوە تۆماربکات، ئەگەرچی زۆر باش دەزانێت بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی وەک هۆڵەندا ئەمە بە ئاسان نایەتەدی.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە، یاریی یەکلاکردنەوەی توانا و هێزە، یاریی یەکلاکردنەوەی بلیتەکانی قۆناخی داهاتووی مۆندیالە، کاتێک هەردوو هەڵبژاردەی سەنیگالی پاڵەوانی ئەفریقا و تریکۆلۆری ئیکوادۆر رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئیکوادۆر بەباشترین ئاستەوە دەرکەوتووە و بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیە، یەکسانبوون لە یارییەکەدا ئەوان دەباتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، گوستاڤۆ ئەلفارۆی، راهێنەری ئەرجەنتینی هەڵبکژاردەکەش دەڵێت " ئێمە دەمانەوێت ئاستێکی مێژوویی ئیکوادۆر لە مۆندیالدا پێشانبدەین."
 
هەڵبژاردەی سەنیگال، دوای بردنەوەی لە قەتەر، هیواکانی بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو زیندوو کردەوە، ئەوان سێ خاڵیان هەیە و هەلێکی گەورەیان لەبەردەمە بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەمیان لە مێژوودا بگەنە قۆناخی داهاتوو، بەڵام گەیشتن بەو خەونە، پێویستی بە 90 خولەکی پڕ رکابەری و ئاڵنگارییە.