یانەکانی کوردستان لە خولی بالەی عێراق براوەن
رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی بالەی عێراق لە شاری بەغدا بەردەوامە، ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕی سێیەمی کۆمەڵەی یەکەمدا یانەی هەولێر یاری لەگەڵ یانەی شورتە دەکات و پێشمەرگەی سلێمانی و دوکانیش ئەرکیان ئاسان نییە.
یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولەکە بە بەشداری 15 یانەیە و یارییەکانی بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچن، یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم لە شاری بەغدایە و یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم لە شاری سلێمانیە و یانەکانی هەولێر، دوکان لەگەڵ پێشمەرگەی سلێمانی نوێنەری هەرێمی کوردستانن لە خولەکەدا.
یانەی هەولێر کە لە کۆمەڵەی یەکەمدا یاریی دەکات، دوو یاری رابردووی بەسەرکەوتن تەواوکرد، کاتێک لە یانەکانی حەدیسە و مەسافی شیمالی بردەوە، ئەمڕۆ لە ئەرکێکی قورسدا شەڕی بردنەوەیەکی دیکە لەگەڵ یانەی شورتە دەکات.
ئیبراهیم قادر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆری میدیایی رووداو، رایگەیاند " ئامادەکارییەکی زۆرباشمان کردووە بۆ ئەم یارییە و یاریزانانمان مۆڕڵیان بەرزە دەیانەوێت سێیەم سەرکەوتن تۆمار بکەن".
لە کۆمەڵەی دووەمدا یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی یەکەم سەرکەوتنی تۆمارکردووە و ئەمڕۆ لەگەڵ یانەی بەلەد یاریدەکات، هەروەها یانەی دوکان کە دووەم وەرزییەتی لە خولی نایابی عێراق یاریدەکات لە یەکەم یاریدا بەهۆی ئەوەی کە تیپەکە کێشەی دارای هەبوو، یاریزانەکانی یارییان بۆ نەکرد و بەرامبەر یانەی جەیش یارییەکەیان بە دۆڕان هەژمارکرا، یانەی دوکان ئەمڕۆ لەگەڵ یانەی غازی باشوور یاریدەکات کە پڕە لە ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و لە چەند رۆژی رابردوودا نازناوی جامی سوپەری بالەی عێراقی بردەوە.
وەرزی رابردوو یانەی بەحری نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بردەوە، هەریەک لە یانەکانی غازی جنوب و پێشمەرگەی سلێمانی لە پلەکانی دووەم و سێیەم هاتن.