ئەکرەم عەفیف بۆ جاری دووەم بووە باشترین یاریزانی ئاسیا

دوێنێ کاژێر 03:39
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەکرەم عەفیف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەکرەم عەفیف، ئەستێرەی هەڵبژاردەی قەتەر، وەکو باشترین یاریزانی کیشوەری ئاسیا بۆ ساڵی رابردوو دەستنیشانکرا و لەلایەن سەرۆکی فیفاوە خەڵاتکرا.
 
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لە سیئول لە کۆریای باشوور بەڕێوەچوو، باشترینەکانی کیشوەری ئاسیا خەڵاتکران، ئەکرەم عەفیف، ئەستێرەی هەڵبژاردەی قەتەر، وەکو باشترین یاریزانی کیشوەرەکە دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی قەتەری کرد بۆ بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیا.
 
ئەکرەم ئەمە جاری دووەمە، خەڵاتی باشترین یاریزانی ئاسیا دەستنیشاندەکرێت، کە ئەو کاتەش نازناوی جامی ئاسیای لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەدەستهێنا و یەکەم یاریزانی عەرەبییە دوو جار خەڵاتەکە دەباتەوە.
 
دوای بردنەوەی ئەم خەڵاتە ئەکرەم عەفیف چووە سەر ستەیج و گوتی "وەکو ئەوەی لە دوایین یاریی جامی ئاسیادا گوتم، سوپاسێکی تایبەتی هاوژینەکەم دەکەم بۆ پاڵپشتی و پشوو درێژییەکەی ئەو، زۆر دڵخۆشم بۆ جاری دووەم خەڵاتی باشترین یاریزانی ئاسیا دەبەمەوە و سوپاسی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاش دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم رێوڕەسمە سەرنجڕاکێشە."
 
بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی کیشوەری ئاسیا لەلایەن ئەکرەم عەفیفەوە لەکاتێکدایە لە جامی ئاسیای 2023، بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە، بەباشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا و لە یاریی کۆتاییشدا هاتریکی تۆمارکرد.
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا، سۆن هیونگ مین، ئەستێرەی کۆریای باشوور و یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی وەکو باشترین یاریزانی ئاسیا، کە لە دەرەوەی کیشوەرەکە یاری دەکات دەستنیشانکرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە