تاقیکردنەوە راستەقینەکانی ناپۆلی لە سێری ئا، لەمشەوەوە دەستپێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
تاقیکردنەوە راستەقینەکان، بۆ ناپۆلی و ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری لەمشەوەوە دەستپێدەکەن، کاتێک تیپەکە لە گەڕی دەیەمی سێری ئادا دەبێتە میوانی میلان و دواتریش زنجیرەیەک یاریی گرنگ چاوەڕێی دەکات.
ئانتۆنیۆ کۆنتی سەرکەوتوو بوو لە گێڕانەوەی تواناکانی ناپۆلی و گەیاندنەوەی بەپێشەنگی خولی ئیتاڵیا، بەڵام چوار تاقیکردنەوەی قورس لە چەند گەڕی داهاتوودا، توانا راستەقینەکانی تیپەکە دەردەخەن.
ناپۆلی لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، دووجار روو لە میلانۆ دەکات بۆ بەرکەوتن لەگەڵ زەبەلاحەکانی وەک میلان و ئینتەرمیلان.
خشتەی یارییەکانی داهاتووی ناپۆلی، تاقیکردنەوەی راستەقینە دەبن، ئەو تیپە بەسەریەکەوە بەرامبەر میلان، ئاتڵانتا، ئینتەرمیلان، رۆما، تۆرین و لازیۆ یارییدەکات، ئەگەر لەو تاقیکردنەوانە بەسەرکەوتوویی بێتە دەرەوە، بێگومان هەر زوو هاوکێشەی کۆی وەرزەکە دەگۆڕێت.
کۆنتی کە لە هاوینی رابردوودا مەشقدانی ناپۆلی وەرگرت، توانی تیپەکە بخاتەوە سەرڕاستەڕێی رکابەرییکردن لەسەر نازناوەکە، پاشئەوەی لە نۆ یاریی وەرزەکەدا، تەنیا یەکجار دۆڕا و یەکجاریش یەکسانبوو و بەوەش پێشەنگی خولەکەی گرت بە 22 خاڵ و جیاوازیی چوار خاڵ لە ئینتەرمیلانی دووەمی ریزبەندییەکە.
ناپۆلی، جیا لە شکستی لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر هیلاس ڤیرۆنا، تەنیا یەک یاریی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یوڤێنتوس یەکسانبووە، سەرجەم یارییەکانی دیکەی بردووەتەوە.
کۆنتی بەجۆرێک لە گومان و دڕدۆنگییەوە بووە راهێنەری ناپۆلی. دۆخی خراپی یانەکە لە دوای لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەرەوە کە تیپەکە لە وەرزێکدا سێ راهێنەری گۆڕی، هەروەها ناوبانگبوونی کۆنتی بەکەلەرەقی و زوو تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کارگێڕیی یانەکان، وایکردووە ترس لە داهاتووی تیپەکە هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهاری پەیوەندییەکان بەردەوامە.
کۆنتی کە بڕیارە سێ ساڵ لەگەڵ ناپۆلی بەردەوام بێت، بەزوویی شوێنپەنجەی لە تیپەکەدا بەجێهێشت، توانی لە هاویندا رۆمیلۆ لوکاکۆی هێرشبەری بەلجیکی بەپەیوەندیکردن بەناپۆلی رازی بکات. ئەو هێرشبەرە تاوەکو ئێستا سێ گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.
هێنانی سکۆت ماکتۆمینای ناوەڕاستکار و داڤید نێرێس، بژاردەکانی بەردەم کۆنتی بۆ هێرشبردن و بردنەوەی یارییەکان زیاتر گەشە پێدا.
کۆنتی بەئەزموونێکی گەورەوە لە سێریا ئا، رووی لە مەشقدانی ناپۆلی کردووە، ئەو راهێنەرە چوار نازناوی خولەکەی بەدەستهێناوە، سێجار لەگەڵ یوڤێنتوس و جارێکیش لەگەڵ ئینتەرمیلان.
تاقیکردنەوە گەورەکەی ناپۆلی، ئەمشەو بەرامبەر میلان دەبێت، تیپێک کە بەهێزەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەرکەوتووەتەوە.
کۆنتی، بەرلەوەی لەگەڵ یاریزانەکانیدا بەرەو میلانۆ بەڕێبکەوێت، گوتی، "ئەو ژمارە خاڵەمان بەدەستهێناوە کە پێویستمان پێیەتی. چیدی یارییکردن لە سانسیرۆ بەرامبەر میلان و ئینتەرمیلان کارێکی ئاسان نییە".
ناپۆلی لە دوای شکستەکەی ڤیرۆناوە 16 گۆڵی تۆمارکردووە، تەنیا دوو گۆڵیشی لێکراوە، بەڵام تیپەکە لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدا دەبێت بەرامبەر میلان کە هەفتەی پێشوو بەهۆی بارانی بەخوڕەوە یاریینەکردووە و پشوویەکی باشی وەرگرتووە.
کۆنتی لەبارەی میلانەوە گوتوویەتی کە ئەوان تیپێکی بەهیزن، ناتوانین ئەوە لەبیر بکەین کە وەرزی رابردوو 22 خاڵ لەپێش ناپۆلییەوە بوون، هەروەها پارەی زۆریان لەهاویندا بۆ خۆ بەهێزکردن، خەرجکردووە.
کۆنتی دەیەوێت ئەمجارەش چەکە کاریگەرەکەی خۆی تاقیبکاتەوە، کە بریتییە لە بەرگریی پتەو و پشتبەستن بەهێرشی هەڵگەڕاوە.
میلان کە لە دوایین دەرکەوتنیدا لە سێری ئا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئۆدینێزی بردووەتەوە، دەیەوێت لە ریزبەندییەکەدا زیاتر بەرەو سەر هەڵبکشێت، بەڵام دوو یاریزانی کاریگەر لەدەستدەدات کە بریتین لە تیۆ هێرناندێز و تیگانی رایندێرز.
ئەگەرچی بەرگریی ناپۆلی، بەهۆی بیرکردنەوەی کۆنتییەوە پتەو و بەهێز دەردەکەوێت، میلانیش لە دوایین سێ یاریدا لەسەر یاریگەی خۆی گۆڵی لێنەکراوە و لە دوایین حەوت یاریی سەر یاریگەی خۆی، نەدۆڕاوە.