هەولێر ئەرکی ئاسانە و زاخۆ دێربیی بادینان لە خۆ دەگرێت

29-10-2024
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر یانەی نەورۆز یانەی زاخۆ یانەی دهۆک
A+ A-

رووداو دێجیتاڵ 

لە هەفتەیەکی دیکەی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانە کوردستانییەکان هەوڵی باشترکردنی شوێنیان لە ریزبەندی خولەکەدا دەدەن، لە کاتێکدا هەولێر بەرامبەر نەجەف ئەرکی ئاسانە، نەورۆز بەدوای دووەم بردنەوە لە نێو یاریگە نوێیەکەی خۆیدا دەگەڕێت و زاخۆ و دهۆکیش لە دێربیی بادیناندا بەیەکدەگەن.
 
نەورۆز و گەڕان بەدوای دووەم بردنەوەدا
 
نەورۆز لە یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەی نەجەف، بۆ یەکەمجار لە وەرزی ئەمساڵدا، لەنێو یاریگای خۆی یاریی کرد و یارییەکەشی بە دوو گۆڵ بەرامبەربە گۆڵێک بردەوە. هەرچەندە نەورۆز یارییەکی ناوازەیان پێشکێشکرد، بەڵام یانەی نەجەف ئەمساڵ بە ئاستێکێ خراپدا تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا بە کۆکردنەوەی دوو خاڵ لە پلەی 18ـیەمی ریزبەندییەکە دێت. 
 
یاریی ئەمجارەی نەورۆز هەر لەنێو یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی تەڵەبە دەبێت، کە چاوەڕواندەکرێت یارییەکی قورس بێت بۆ هەردوو یانە، چونکە یانەی تەڵەبە لە پلەی نۆیەمی خولەکە دەبینرێت و نەورۆزیش لە پلەی 12.
 
پێشتر شێوازی یارییکردنی جۆرڤان ڤیێرای راهێنەری نەورۆز، بۆ یاریزانەکان نامۆ بوو، بەڵام ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر نەجەف بینرا ئەوە بوو کە تیپەکە هێواش هێواش لەگەڵ تەکتیکی راهێنەرەکەیان دەگونجێت. 
 
گەورەترین کێشەی یانەی نەورۆز لە یەکەم سێ یارییاندا ئەوەبوو کە نەیاندەتوانی بە پاسی کورت تۆپ بگەیەننە دوو هێرشبەرەکەی پێشەوەی تیپەکە، هەربۆیە راهێنەری یانەکە پەنای دەبردە بەر تۆپی بەرز، بەڵام لە یاریی بەرامبەر نەجەف ئەو کێشەیە چارەسەر کرا، بەوەی نەورۆز زیاتر لە پێشەوە یاریی دەکرد، جیاواز لە یارییەکانی پێشوو، کە یارییەکە لە دەستی کامی و ئیڤیانی دابوو، لەبەر ئەوەی نەورۆز لە پشتەوە بەرگری دەکرد، کەواتە ئەو رووبەرەی لە بەرگرییەوە تاوەکو هێرشبەری لە ژێر دەستی دوو یاریزاندابوو کە ئەوەش زۆر زەحمەت بوو کۆنترۆڵ کردنی هەرسێ هێڵی بەرگری و نێوەڕاست و بەستنەوەیان بە هێرشبەرییەوە. 
 
پێکهاتەی یانەی نەورۆز 4-4-2وە، پلانی بە نۆرەش لە نێوان هێرشبەرەکاندا پەیڕەو دەکات، بەڵام لە یاریی رابردوو لە چەند ساتێک لە ساتەکان پلانی 3-5-2 بینرا، ئەوەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە یانەکە کەمتر هەست بە گوشار بکات و هۆکارێکیش بوو بۆ ئەوەی تۆپ زیاتر لای خۆیان گلبدەنەوە.
 
هەولێر دەبێ برینەکانی سارێڕ بکات
 
هەولێر و نەجەف، ئەو دوو یانەی کە لە هەفتەی چوارەمدا بە قورسی تووشی دۆڕان بوون، ئەمجارە لە یاریگەی فڕانسۆ هەریری بەیەک دەگەن. 
 
لە گەڕی پێشوودا، یانەی هەولێر بەرامبەر یانەی قاسم بە چوار گۆڵی بێبەرامبە دۆڕا، نەجەفیش لەسەر ئەنجامە خراپەکانی بەردەوامە. 
 
گەڕی ئەمجارە دوو تیپی دڵشکاو بەیەکدەگەیێنێت، کە یەکێکیان چاوی لە یەکەم بردنەوەی ئەم وەرزەیە کە نەجەفە. هەولێریش دەیەوێت دانەبڕێ لە پێنج یانە یەکەمەکەی ریزبەندی خولەکە و چاوی لەوەیە زۆرترینجار تۆڕی گۆڵی سەرهەنگ موحسین بهەژێنێت. 
 
هەولێر پێویستی بەزوو بەئاگا هاتنەوە و تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی شکستەکەی هەفتەی رابردووە، بەڵام ئەرکەکە لە روویەکەوە ئاسان نییە، کاتێک هەڵسوڕێنەرانی تیپەکە لە دەرەوەی یاریگەن.
 
داینەمۆی هەولێر و ئاراستەکاری تیپەکە بریتین لە شێرکۆ کەریم و ئوسامە رەشید، لە نەبوونی ئەم دوو یاریزانەدا، یانەی هەولێر بە تەواوی شپرزەیی پێوە دیار بوو لە دوایین یارییاندا. 
 
سەمیر بابۆی راهێنەری یانەی هەولێر، لە دوایین یاریی بەرامبەر یانەی قاسم بە پێکهاتەی 4-2-3-1 یان 4-2-2-2 یاریی کرد، بەڵام لە شوێنی هیگۆر ڤیداڵ، یاریی بە موئەیەد سەفا کرد و لە شوێنی شێرکۆ کەریم، سەفین مەنسوور ناسراو بە سەفین پاتۆ یارییکرد. عەلی رەحیمیش لە شوێنی ئوسامە رەشید بوو. 
 
لەمجۆرە یارییانەدا، کاتێک باشترین دوو یاریزانی تیپەکەت یاریی ناکەن، دەبێت یاریزانە پێشەگەرەکان ئەم بەرپرسیاریتییە هەڵگرن و وا نەکەن شوێنی شێرکۆ و ئوسامە دیار بێت، بەڵام هەموو کێشەکانی هەولێر هێڵی هێرشبەرەکەیەتی بەتایبەت یوسف بن سۆدا و کۆڵێن ئێندەرسۆن، ئەم دوو یاریزانە چوار یارییە بە شێوەی سەرەکی یاریی دەکەن، نەک نەیانتوانیوە گۆڵ تۆمار بکەن، بەڵکو گۆڵێکیشیان درووستنەکردووە.
 
کێشە گەورەکەی هەولێر ئەوەیە کە شێرکۆ و ئوسامە تا چەند گەڕێکی دیکە ناگەڕێنەوە، لە نەبوونی ئەو دوو یاریزانەشدا، تیپەکە ناتوانێت دوو رستەی تاکتیکیی جوان لە پێشەوە دروست بکات، لە هەمووشی کێشەتر ئەوەیە ئاستی یاریزانە سەرەکییەکان و یەدەگەکان زۆر لەیەک دوورن و هیچ هاوسەنگییەک نییە لە نێوان ئاستییان.  
 
سەمیر بابۆی راهێنەر لە یارییەکەی ئەمجارەدا، پێویستی بەپەنابردنە بەر پلانی جێگرەوەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئەو یارییانە کە باشترین یاریزانەکانی یاریی تێدا ناکەن، یاریی بەرامبەر نەجەفیش، باشترین تاقیکردنەوە دەبێت بۆ ئەوەی تواناکانی تیپەکەی بۆ هەمووان بسەلمێنێت.
 
دێربیی بادینان و سی خاڵی گرنگ
 
بەهێزترین یاریی ئەمگەڕە، دێربی بادینانە، کە تێیدا زاخۆی چوارەمی ریزبەندی خولەکە، میوانداریی دهۆک دەکات.
 
بە گشتی ئاست و ئەنجامی یانەی زاخۆ باشتر دەبێنرێت بە بەراورد بە یانەی دهۆک، زاخۆ لە چوار یاریدا هەشتی خاڵی هەیە، دهۆک وەرزەکەی بە دوو شکست دەستپێکرد، بەرلەوەی یەکەم بردنەوە و پاشان یەکەم یەکسانبوون بەدەست بهێنێت و بگاتە پلەی چواردەی ریزبەندی گشتیی خولەکە.
 
یانەی زاخۆ لە دوایین یاریی بەرامبەر یانەی زەورا، ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بوونە جێی سەرنجی میدیاکاران، بەوەی چۆن ئەم تیپە توانی بە ئاست و ئەنجام لەنێو بەغدا لە زەورا بباتەوە، دهۆکیش بە ئاستێکی مامناوەندەوە لە نێو یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی کارەبا، تیپەکەی کەریم وەلی یەکسانبوو. 
 
 جیاوازیی نێوان بلووشی و میراڵ 
 
زاخۆ پێکهاتەیەکی جێگیری نەبووە بە درێژایی خولەکە تاوەکو ئێستا، ئەوەش لەبەرئەوەی تەڵال بلووشی، راهێنەری یانەی زاخۆ، کار لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی تیپی بەرامبەر دەکات. بلووشی لە جۆری ئەم راهێنەرانە نییە، شێوازی خۆی بسەپێنێ بەسەر تیپی بەرامبەردا، بەڵکو یاریی بەیاریی ستایلی یارییکردنی تیپەکەی دادەڕێژێ، بەپێی ئاست و توانا و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی تیپی بەرامبەر.
 
بەڵام مەسعود میراڵی راهێنەری یانەی دهۆک، دەیەوێت شێوازی یارییکردنی خۆی بسەپێنێت بەسەر تیپی بەرامبەر و دەیەوێت تیپەکانی رکابەری زیاتر حساب بۆ تیپەکەی بکەن، نەوەک ئەو خەریکی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی تیپی بەرامبەر بێت.
 
تاوەکو ئێستا لە زۆرینەی یارییەکاندا، زاخۆ بە شێوازی 4-2-1-3 یان 4-2-2-2 یارییدەکات و ریتمی یارییکردنی تیپەکە لە ژێر قاچەکانی ئەمجەد عەتوانی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە. ئەو یاریزانە بە گرینگترین یاریزانی یانەکە هەژمار دەکرێت، و بۆ ئەم یارییەش چاوەکان لەسەری دەبن، بە تایبەت لە بەستنەوەی هێڵی ناوەڕاست و هێڵی هێڕشبەردن پێکەوە. لە یاریی بەرامبەر زەوراشدا ئەو یاریزانە دوو گۆڵی تۆمار کرد، یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی یانەی زاخۆ ئەوەیە لە باڵەکانەوە زۆر بەهێزن و یاریزانەکانیان زۆر خێران لە هێرشبەردن و لە یاریی بەرامبەر دهۆک سەر ئێشەیەکی زۆر بۆ تیپەکەی مەسعوود میراڵ درووستدەکەن. 
 
شەقامی وەرزشی دهۆک، تیپەکەیان بە تیپێکی ئەوروپی و سەردەمیانە ناوزەند دەکەن، بەوەی یانەکە بە شێوازێکی هێرشبەریی چڕ یارییدەکات و یارییەکی زۆر بە کۆمەڵ ئەنجامدەدەن، ئەو چوار یارییەشی کە ئەنجامیانداوە زۆرترین ریسکیان کردووە، بەوەی بە پلانی 3-5-2 یان 3-4-3 یاریی دەکەن و لە کاتی هێرشبردن و بەرگریش یانەکە بەرگریکارەکانی دێنە سەر بازنەی هێڵی ناوەڕاست.
 
دێربیی بادینان بۆ زاخۆ زۆر گرنگە، تاوەکو زیاتر لە خانەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکەدا هەڵبکشێت، لە کاتێکدا دهۆک پێویستی بەوە هەیە هەنگاوێکی دیکە لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین دووربکەوێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە