گورزێکی گەورە بەر ریال مەدرید کەوت

29-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید ئۆرلیێن چوامینی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پێکرانی یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی راگەیاند، بەبێئەوەی ماوەی دوورکەوتنەوەی بەتەواوەتی ئاشکرا بکات.
 
ریال مەدرید رایگەیاندووە، ئۆریلین چوامینی، یاریزانی چەقی یانەکە، دووچاری پێکانبووە، لە یاریی یانەکە بەرامبەر بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی ئیسپانیا کە تێیدا یانەی شاهانە، بەدوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "دوای پشکنینی زیاتر بۆ ئۆریلین چوامینی یاریزانمان، دەرکەوت کە تووشی شکانی پەنجەی دووەمی قاچی چەپی بووە".
 
چوامینی لە کلاسیکۆدا نەوەت خولەک یارییکرد، بەڵام لە دوای یارییەکە بەشەلە شەل لە یاریگە هاتە دەرەوە.
 
ریال مەدرید دەڵێ، ماوەی دوورکەوتنەوەی چوامینی لە یارییەکان و گەڕانەوەی، پەیوەندی بەخێرایی چاکبوونەوەی ئەوەوە هەیە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، چوامینی لە نێوان هەشت تاوەکو دە هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و بەوەش لە ژمارەیەک یاریی یانەکە لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ بێبەش دەبێت.
 
پێشبینیکراوە دوورکەوتنەوەی چوامینی لە ریال مەدرید تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو بخایەنێت و لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ، ئەو یاریزانە بتوانێ لەگەڵ تیپەکەدا دەست بەیاریی بکاتەوە.
 
پێکرانی چوامینی نوێترین پێکانی ئەمساڵی یاریزانانی ریال مەدریدە و چوارەم درێژترین ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانانی یانەکەیە، پاش هەریەکە لە تیبۆ کۆرتوا و ئیدێر میلیتاو کە بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆوە لە تیپەکە دابڕاون، هەروەها ئاردا گولەر کە بەهۆی کێشە لە ماسوولکەکانی رانیدا، تاوەکو ئێستا بەشداری لە هیچ یارییەکی ریال مەدریددا نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە