ڤیدیۆ؛ نەسڕ و رۆناڵدۆ بەردەوامن لە سەرکەوتنەکانیان

رووداو دیجیتاڵ

 

لە گەڕی یازدەمی خولی رۆشنی سعودیەدا، یانەی نەسڕ سەرکەوتنێکی دیکەی بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەدەستهێنا، بەڵام ئەمجارە دۆن گۆڵی نەکرد.
 
نەسڕ بووە میوانی فەیحا و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردەوە.
 
دوای ئەوەی نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لە نیوەی دووەمدا، دوای تێپەڕبوونی 5 خولەک، یانەی میوان لە رێگەی تالیسکای بەرازیلییەوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دوای ئەوەی لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە ئاسیستێکی جوانی بۆ کرا.
 
دواتر هەمان یاریزان لە خولەکی 61 گۆڵی دووەمیشی بۆ نەسڕ تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 66، حوسێن ئەلشویش تاکە گۆڵی یانەی فەیحای تۆمارکرد، بەڵام ئۆتاڤیۆ گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنی لە خولەکی 74ـدا بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکرد و یارییەکە 3-1 لە بەرژەوەندی رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی کۆتاییهات.
 
بەم سەرکەوتنە، یانەی نەسڕ ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 25 خاڵ و گەیشتە پلەی دووەمی ریزبەندی و بە 4 خاڵ لە دوای هیلالی پێشەنگەوەیە، لە بەرامبەردا یانەی فەیحا لە پلەی هەشتەمدایە و 14 خاڵی هەیە.