ڤیدیۆ؛ ئەهلی جامی سوپەری میسری لە زەمالیک بردەوە

29-10-2022
ئیحسان تاهیر
Photo by Ryan LIM / AFP
Photo by Ryan LIM / AFP
نیشانەکردن یانەی ئەهلی یانەی زەمالیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئەهلی میسری، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە زەمالیکی رکابەری هەمیشەیی خۆی بردەوە و جامی سوپەری میسری بەدەستهێنا. 
 
یاریگای هەزاع بن زاید لە شاری ئەلعەین لە ئیمارات میوانداریی یاریی جامی سوپەری میسری کرد، کە هەردوو یانەی ئەهلی و زەمالیکی کۆکردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا یانەی ئەهلی باڵادەستی خۆی بەسەر یاریگە و یارییەکەدا سەپاند، کە دوای چەند هێرشێک، لە خولەکی 39ـدا لە رێگەی برۆنۆ ساڤیۆوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دوای ئەوەی هێرشبەری بەرازیلی سوودی لە پاسێکی هەڵەی زەکەریا ئەلوەردی یاریزانی یانەی زەمالیک وەرگرت.
 
لە نیوەی دووەمدا زەمالیک بە بەهێزییەوە هاتە نێو یاریگە و گوشارێکی زۆری خستە سەر ئەهلی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، کە ئەحمەد سەید زیزۆ بە چەندین لێدان لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەی سزاوە چەندجارێک هەڕەشەی لە گۆڵی ئەهلی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە گەیشتن بە تۆڕی محەممەد ئەلشناوی گۆڵپارێزی یانەی ئەهلی.
 
کەریم فوئاد، وەک یاریزانێکی یەدەگ هاتە نێو یارییەکە و لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراودا، گۆڵی دووەم و دڵنیایی بۆ ئەهلی تۆمارکرد و سەرکەوتنی بۆ تیپی سوورپۆش یەکلاکردەوە و خۆی و هاوڕێکانی بوونە پاڵەوانی جامی سوپەری میسری.
 
ئەمە دوانزەهەمین جارە یانەی ئەهلی نازناوی جامی سوپەری وڵاتەکەی بباتەوە، بەڵام یەکەمجارە بۆ راهێنەرە سویسرییەکەی، مارسێل کۆلەر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە