رووداو دیجیتاڵ
راپرسییەکی میدیای فەرەنسا، پاشەکشەی خۆشەویستی و گەلویستیی فەرەنسییەکانی بۆ کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا ئاشکراکردووە، پاشئەوەی ئەو یاریزانە چووە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
کیلیان ئێمباپێ (25 ساڵ) هاوینی ئەمساڵ، بەدەستەوارەیەکی بێبەرامبەر لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە روویکردە ریال مەدریدی ئیسپانی، پاشئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاڵەوانی فەرەنسا کۆتاییهات.
کۆمپانیای 'ئۆدۆکسا'ی فەرەنسی، راپرسییەکی گشتیی ئەنجامداوە کە بۆچوونی 1005 کەسی وەرگرتووە کە تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵەوەیە، لەگەڵ بۆچوونی 434 یاریزانی ئارەزوومەندی تۆپی پێ.
بەپێی راپرسییەکە، بۆچوونی ئەو کەسانەی پۆزەتیڤانە تەماشای ئێمباپێ دەکەن، پاشەکشەی کردووە بۆ 54 لەسەد و 12 خاڵ کەمیکردووە، بەراورد بە مانگی چواری رابردوو.
ماڵپەری 'ئاڕ ئێم سی سپۆرت' ئاشکرایکردووە، بەشێوەیەکی گشتی، وێنەی ئێمباپێ لای فەرەنسییەکان بەشێوەیەکی گشتی ناشرین بووە. ماڵپەرەکە دەڵێ تەنیا 58 لەسەدی بەشداران پێیانوایە ئەو هێرشبەرە کەسێکی مرۆڤدۆستە و 22 خاڵ پاشەکشەی کردووە بەراورد بە 2019.
راپرسییەکە دەریخستووە کە 57 لەسەدی دەنگدەران پێیانوایە کە ئێمباپێ نزیکە لە هاندەران و ئەوەش پاشەکشەی کردووە بەڕێژەی 19 خاڵ، لە کاتێکدا تەنیا 35 لەسەدی دەنگدەرەکان پێیانوایە ئەو کەسێکی سادە و خاکەڕایە و لەوەشدا 31 خاڵی بەراورد بەدوایین راپرسی لەدەستداوە.
فەرەنسییەکان پرسیاریان لێکراوە لەبارەی شایستەیی کیلیان بۆ کاپتنیی هەڵبژاردەی فەرەنسا. 52 لەسەد پێیانوایە دەبێ ئەو بەکاپتن بمێنێتەوە، لە کاتێکدا 48 لەسەد پێیانوایە کە دیدێ دیشامی راهێنەر دەبێ کاپتنێکی دیکە بۆ هەڵبژاردەکە دەستنیشان بکات و 58 لەسەدیش داوایانکردووە ئانتوان گریزمانی تەمەن 33 ساڵ ببێتە کاپتنی کەڵەشێرەکان.
لەسەر ئاستی وەرزشی، راپرسییەکە ئاشکرایکردووە نیمچەکۆدەنگییەک لەسەرئەوە هەیە کە 73 لەسەدی بەشداران پێیانوایە کیلیان لەگەڵ ریال سەرکەوتوو دەبێت و 57 لەسەدیش پێیانوایە ریال مەدرید بەو یاریزانەوە بەهێزتر دەبێت.
کیلیان ئێمباپێ تاوەکو ئێستا حەوت یاریی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە و 5 گۆڵی بۆ تیپەکە تۆمارکردووە و یەک ئەسیستی هەیە.
لە هەمان راپرسیدا، 59 لەسەدی بەشداران پێیانوایە خولی فەرەنسا لەپاش رۆیشتنی کیلیان ئاستی دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ