رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا'، لیستی ئەو یاریگایانەی ئاشکرا کرد کە میوانداریی قۆناخی کۆتایی مۆندیالی یانەکانی 2025 دەکەن بەشێوە نوێیەکەی.
بڕیارە هاوینی داهاتوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا میوانداریی مۆندیالی یانەکان بکات.
فیفا سیستمێکی نوێی بۆ پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکردووە، کە 32 یانە لە جیهاندا بەشداریی تێدا دەکەن، کە بریتین لە پاڵەوانی کیشوەرەکان و ئەو یاناەی بەرزترین ریزبەندییان بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی کیشوەرەکەی خۆیان لە ماوەی چوار ساڵ لە نێوان 2021 تاوەکو 2024.
فیفا، مشتومڕی ماوەی رابردووی کۆتایی پێهێنا کە نزیکبوو لەوەی ببێتە تەنگژە و کێشەیەکی گەورە، بەهۆی ناڕەزایەتی هەندێک لایەن لە پاڵەوانێتییەکە، بەڵام دەستنیشانکردنی یاریگەکانی پاڵەوانێتییەکە کە ژمارەیان 12 یاریگەیە، هەموو مشتومڕێکی لەبارەی ئەگەری دواخستنی ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکەوە کۆتایی پێهێنا.
ئەمریکا وەک پڕۆڤەیەک بۆ رێکخستنی مۆندیالی داهاتوو بەهاوبەشیی لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک، میوانداریی وەشانە نوێیەکەی مۆندیالی یانەکان دەکات.
یەکێک لە یاریگە سەرنجڕاکێشە دیاریکراوەکان بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی یانەکان، یاریگەی مێرسیدس ئارێنایە کە دەکەوێتە ئاتاڵانتای ویلایەتی جۆرجیا و توانای لە خۆگرتنی 75 هەزار هاندەرانی هەیە و ساڵی 2017 کراوەتەوە.
لیستی یاریگە رێکخەرەکانی مۆندیالەکە، هەروەها یاریگەی بانک ئۆف ئەمێریکا لە خۆ دەگرێت کە لە شارلۆتە لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور و 75 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت و ساڵی 1996 کراوەتەوە. ئەمە جیا لە یاریگەی 'تی کیو ئێڵ' لە ئۆهایۆ کە تەنیا 26 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت و ماوەی سێ ساڵە کراوەتەوە.
یاریگەی 'رۆز بۆڵ کالیفۆرنیا' ژمارەیەکی دیکەی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لەخۆدەگرێت. ئەم یاریگەیە 88،5 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت و دێرینترین یاریگەی پاڵەوانێتییەکەیە کە بەر لە 102 ساڵ کراوەتەوە لە ساڵی 1922.
یاریگەی 'هارد رۆک' لە مەیامی گاردنزی فلۆریدا، ژمارەیەک یاریی پاڵەوانێتییەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت. یاریگەکە ساڵی 1987 کراوەتەوە و 65 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت.
هەروەها یاریگەی 'گیۆدیس پار' لە نێو یاریگەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەبێت کە دەکەوێتە ناشفیل و 30 هەزار هاندەر تێیدا جێگەیان دەبێتەوە و ساڵی 2022 کراوەتەوە.
لیستەکەی فیفا، هەروەها یاریگەی میتلایڤ ڤی ئێست لە نیوجێرسیی نیویۆرک لەخۆ دەگرێت کە 82.5 هەزار هاندەر جێگەیان دەبێتەوە و لە 2010 کراوەتەوە.
یاریگەی کامپینگ وۆرڵد لە ئۆرلاندۆی فلۆریدا بەهەمان شێوە لە نێو یاریگەکانی مۆندیالەکەدا دەبێت کە 65 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت. ئەمە جیا لە یاریگەی 'ئینتەر ئێند کۆ' لە هەمان ویلایەتە و ژمارەی کورسییەکانی 25 هەزار کورسییە.
هەروەها یاریگەی لۆمن فیڵد لە نێو لیستەکەدایە کە لە واشنتنی پایتەختە و 69 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت. هەروەها یاریگەی ئۆدی فێڵد کە 20 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت.
بەپێی ئەو سیستمەی فیفا بۆ مۆندیالەکەی داناوە، تاوەکو ئێستا چەندین یانەی گەورە لەسەرئاستی ئەوروپا بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکە مسۆگەرکردووە، لەوانەش ریال مەدریدی ئیسپانی، چێڵسی ئینگلیزی، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بایرن میونشنی ئەڵمانی، یوڤێنتوسی ئیتاڵی، ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، پۆرتۆی پۆرتوگالی، بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی.
لەسەر ئاستی ئەمریکای باشووریش، یانەکانی وەک فلامینگۆی بەرازیلی، پالمێراس، فلۆمینێنسی، هەروەها ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی و چەندین یانەی دیکە بەشداری لە مۆندیالەکەدا دەکەن کە هاوینی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ