چیرۆکی من؛ ناسر خلێفی.. ئەو بلیمەتەی تۆ پێتوایە تەنیا بە هێزی پارە بەنێوبانگ بووە

29-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناسر خلێفی چیرۆکی من
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناسر خلێفی، ئەو ناوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا جیهانی تۆپی پێی داگیرکردووە، سەرەڕای ئەوەی یاریزان نییە، بەڵام ئەو هەر ئەستێرەیەکی بوێت دەباتە یانەکەی، هەر یانەیەکیش هەوڵ بدات یاریزانەکانی ببات، بە تووندی سزای ئەو یانەیە دەدات.
 
هەندێک راستی لەسەر ئەو سەرمایەدارە عەرەبە هەن، کە لەوانەیە تۆ پێشتر گوێبیستیان نەبووبیت، زۆر کەس پێیانوایە ئەو بە هێزی پارە دەیەوێت دەست بەسەر جیهانی تۆپی پێدا بگرێت، بەڵام لە راستیدا، ئەو بێجگە لە پارە، بلیمەتیشە و پلان و بیرکردنەوەکانی و ماندوو نەبوون لە کارکردن بەهێزترین چەکەکانی دەستینە.
 
ئەو لە یاریزانێکی پیشەگەری تێنسەوە بووە یەکێک لە گرنگترین ناو و کاسایەتییەکانی تۆپی پێ، ئەو خاوەن سەرمایەیەکی باوەڕپێنەکراوە، هەر ئەوەش وایلێکرد پاریس سانجێرمان هەڵبژێرێت.
 
بەمدواییە ناوی ئەو پیاوە قەتەرییە بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان بووەتە جێی باس و بایەخی میدیای جیهان، بەڵام لە راستیدا سەرەتای ناسینی خلێفی بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، کاتێک سندوقی قەتەر بۆ وەبەرهێنان بووە خاوەنی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژەیەش بە گەنجە قەتەرییە سەرکەوتووەکە، ناسر خلێفی درا.
 
ئەو گەنجە هەرزوو ئەوەی سەلماند کە کەسێکی بەتوانا و سەرکەوتووە، کاتێک یانەی پاریسی لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا لە تیپێکی ئاست ناوەڕاستەوە بووە یەکێک لە بەهێزترین و مەترسیدارترین یانەکانی فەرەنسا و ئەوروپا.
 
یاریزانی تێنس و هاوڕێی میری قەتەر
 
ناسر لە زانکۆی قەتەر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری ئابووری بەدەستهێنا و لە زانکۆی بیرایۆس لە یۆنانیش بووە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر.
 
ئەو یاریزانێکی پیشەگەری تێنس بوو، کاروانی وەرزشییەکەی لەو یارییەدا لە ساڵی 1992 دەستیپێکرد و لە 2002 کۆتاییپێهات، لەو ماوەیەدا چاوی بە تەمیم بن حەمەدی شازادەی قەتەر کەوتوو و بووە هاوڕێیەکی نزیکی تەمیم، کە ئێستا میری قەتەرە.
 
بەرهەمی دۆستایەتی بەهێزی نێوان ئەو دوو پیاوە کاتێک دەرکەوت کە خلێفی دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا ببێتە وەزیر لە دەوڵەتەکەیدا، دواتر ئەرکی بەڕێوەبردنی گرووپی کەناڵەکانی جەزیرە سپۆرتی پێدرا، بەرلەوەی بگۆڕێت بۆ بئ ئێن سپۆرتی جیهانی.
 
7 پۆستی گەورە
 
سەرەڕای ئەوەی ئەو پیاوە قەتەرییە تەمەنی لە 47 ساڵ تێپەڕی نەکردووە، بەڵام توانیویەتی باڵاترین پۆستەکان لەنێو دامەزراوە قەتەری و نا قەتەرییەکاندا وەربگرێت، کە لە راستیدا کەس نازانێت چۆن کاتی ئەوەی دەست دەکەوێت سەرپەرشتی ئەو هەموو رێکخراو و کۆمپانیا جیهانییانە بکات.
 
ناسر سەرۆکی یەکێتیی تێنسی قەتەرە، جێگری سەرۆکی یەکێتیی تێنسی ئاسیایە، سەرۆکی تۆڕیی میدیایی بی ئێنی جیهانییە، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی یانەی پاریس سانجێرمانە، سەرۆکی سندوقی قەتەرە بۆ وەبەرهێنانی وەرزشی، ئەندامی لیژنەی رێکخستنی جامی جیهانی 2022ـی قەتەرە و سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەوروپایە لە یوفا.
 
سەرمایەکەی چەندە؟
 
خلێفی لە چیرۆکی خۆیدا لەگەڵ میدیادا، دوو نهێنی پاراستووە، کە یەکەمیان تایبەتە بە سەرمایەکەی و تاوەکو ئێستا کەس نازانێت چەند پارەی هەیە، ئەگەرچی هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن "سەرمایەی خلێفی زیاتر لە 8 ملیار دۆلارە".
 
دووەمیشیان تایبەتە بە ئەندامانی خێزانەکەی، کە ناسنامەی کەسیان دیارنییە و تاوەکو ئێستا هیچ ئەندامێکی خێزانەکەی لە دەزگاکانی راگەیاندن دەرنەکەوتووە.
 
بۆ پاریس سانجێرمانی هەڵبژاردووە؟
 
پێدچێت پەیوەندی ناسر خلێفی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بۆ ماوەیەکی کۆن بگەڕێتەوە، چونکە وێنەیەکی رۆژانی گەنجێتی خلێفی هەیە، کە درێسی پاریس سانجێرمانی لەبەردایە، کە واپێدەچێت ئەو گەنجەی پێشتر هاندەری پاریس سانجێرمان بوو، ئێستا سەرۆکی ئەو یانەیەیە.
 
بۆ رقی لە بارسێلۆنایە
 
لە کاتی سەرۆکایەتی یانەی پاریسیدا، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بووە دوژمنی یەکەمی خلێفی، لەبەرئەوەی بارسا هەوڵیدا گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەکانی بکات، لە سەرووشیانەوە تیاگۆ سێلڤا، مارکۆ ڤێراتی و مارکینیۆس. 
 
بێجگە لەوەش ریمۆنتادا بەنێوبانگەکەی بارسا بەسەر پاریسەوە لە 2017 کە 6 - 1 لێیبردەوە و لە چامپیۆنزلیگ دەریکرد، وایکرد ناسر خلێفی زیاتر رقی لە بارسێلۆنا بێت و هەوڵبدات تۆڵەی لێبکاتەوە، ئەوەشی کرد و گرێبەستی لەگەڵ نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی کرد و بە 222 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هەڵوەشاندەوە، کە تاوەکو ئێستا گرانترین گرێبەستە لە مێژووی تۆپی پێدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە