هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەوڵیداوە گواردیۆلا بکاتە راهێنەری

رووداو دیجیتال

کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەرجەنتین، دووپاتیکردەوە کە هەوڵیانداوە پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی بکەنە راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.

پێشتر جەندجارێک دەنگۆی ئەوە لە میدیاکانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین هەوڵیداوە پێپ گواردیۆلا بکاتە راهێنەری هەڵبژاردەی تانگۆ، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی راستی و ناڕاستی هەواڵەکەیان دووپات نەکردووەتەوە، تاوەکو ئەمجارە تاپیا قسەی لەبارەیەوە کرد.

کاتێک رۆژنامەڤانێک لە کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەرجەنتینی پرسی، پەیوەندیتان بە پێپ گواردیۆلاوە کردبوو بۆ ئەوەی بیکەنە راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە وەڵامدا دانی بەوەدا نا کە لەو بارەیەوە هەوڵیانداوە و گوتی "پەیوەندیمان بە خودی راهێنەرەکەوە نەکردووە، بەڵام پەیوەندیمان بە براکەیەوە کردووە، کە بەڕێوەبەری کارەکانیەتی و نوێنەرایەتی ئەوە دەکات".

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەرجەنتین، لە بەردەوامی قسەکانیدا، هەروەها گوتی "ئامانجی ئێمە ئەوەبوو بزانین هەڵوێستی ئەو چییە و ئایا دەکرێت لە رووی داراییەوە خۆمان بۆ گرێبەستێکی لەو جۆرە ئامادە بکەین".

تاپیا هەروەها گوتیشی "ئەگەر بمانتوانیبووایە کارێکی وا بکەین بێگومان دەمانکرد، بەڵام براکەی پێیگوتین پێپ دەیەوێت رێز لە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی بگرێت".