ریال مەدرید ئەستێرەیەکی هەرزانفرۆش دەکات

29-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی سیبایۆس ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید، دوای ئەوەی نەیتوانی دانی سیبایۆسی یاریزانی بەمانەوە لە ریزەکانیدا رازی بکات، بڕیاریداوە دەستبەرداری ببێت و نرخێکی کەمی بۆ فرۆشتنی داناوە.
 
بەپێی میدیا ئیسپانیا، ریال مەدرید بۆ فرۆشتنی دانی سیبایۆس لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بەهای دارایی دەستبەرداربوون لێی دیاریکردووە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، سیبایۆس کارگێڕیی یانەی ریال مەدریدی لە خواستی رۆیشتنی خۆی ئاگادارکردووەتەوە، چونکە ئەو دەیەوێت یاری بکات و بە مانەوە لەسەر کورسی یەدەگ رازی نابێت.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، نە کارگێڕیی یانەکە و نە ستافی تەکنیکی بەدوای ئەوەدا نین ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست رازی بکەن کە بمێنێتەوە، ئەگەرچی پێشتر میدیاکانی مەدرید باسیان لەوە کردووە کە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر و داڤیدی کوڕی هەوڵیان داوە سیبایۆس بە مانەوە لە ریزەکانی میرینگێدا رازی بکەن.
 
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە کە بەرپرسانی ریال مەدرید نرخی فرۆشتنی سیبایۆسیان بە 10 ملیۆن یۆرۆ دیاریکردووە و بەکەمتر لەو بڕە پارەیە دەستبەرداری نابن بۆ هیچ یانەیەک.
 
رۆژنامەی مارکای نزیک لە یانەی شاهانە، دەڵێت "رۆیشتن لە ریال مەدرید هەمیشە بەپێی ئەو مەرجانە دەبێت کە یانەکە دیاری دەکات، هەروەها ژمارەی زۆری یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست لە ریال مەدرید هۆکارێکی یارمەتیدەرە بۆ رۆیشتنی سیبایۆس".
 
مارکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوەتەی سیبایۆس باسی لە خواستی رۆیشتنی کردووە، کارگێڕیی ریال مەدرید دەستیکردووە بە چاودێریکردنی بازاڕەکە و ئەگەر بژاردەی سەرنجڕاکێش هەبن، دەستبەجێ رێوشوێن دەگیرێتەبەر بۆ فرۆشتنی دانی سیبایۆس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە