هەواڵێکی دیکەی ناخۆش گەیشتە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا

29-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرێنکی دی یۆنگ پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رادیۆی کەتەلۆنیا هاندەرانی یانەی بارسێلۆنای تووشی شۆک کرد سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەو پێکانەی کە یاریزانی هۆڵەندی فرێنکی دی یۆنگ تووشی بووە.
 
دی یۆنگ لە دوای یارییەکەی ئیلکلاسیکۆ لە گەڕی دووەمی خولی ئیسپانیا، لە وەرزی رابردووەوە تووشی پێکان بووە لە پاژنەی پێی.
 
بەپێی ئەوەی پێشتر بڵاوکرایەوە، دی یۆنگ چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستی بە راهێنانەکانی بە تۆپ کردووە، فلیک هیوادارە لە یارییەکاندا پشتی پێببەستێت دوای پشووە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوو.
 
بەڵام بەپێی ئەوەی رادیۆی کەتەلۆنیا روونیکردووەتەوە "هێشتا پاژنەی پێی دی یۆنگ بەتەواوی چاکنەبووەتەوە و ماوەی چەند هەفتەیەکی دیکەی پێویستە تاوەکو دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوکاتیش بەتەواوی ئامادە نابێت، بەبێ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ بکرێت، چونکە یاریزانەکە رووبەڕووی مەترسی دووبارەبوونەوەی پێکانەکەی دەبێتەوە لەگەڵ هەر لێدانێک یان بەرکەوتنێک لە پاژنەی پێیدا".
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری هەیە دی یۆنگ بگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکان، کە لە یارییەکەی جیرۆنا دەتوانێت یاری بکات، کە لە 14 یان 15ـی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت. 
 
روونیشیانکردەوە، هانسی فلیک، راهێنەری بارسا، دوای پێکانی مارک بێرنال و ئامادەنەبوونی بەدرێژایی ئەم وەرزە، پشت بە مارک کاسادۆ دەبەستێت لە هێڵی ناوەڕاست، تا ئەوکاتەی فرێنکی دی یۆنگ دەگەڕێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ یاریکردن.
 
بێرنال لە یارییەکەی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بووە، و ماوەیەکی زۆر لە بارسێلۆنا دووردەکەوێتەوە.
 
بەم دواییانە زۆر باسی ئەوە کراوە کە دی یۆنگ دەیەوێت ریزەکانی بارسێلۆنا جێبهێڵێت و روو لە یانەی مانچێستەر یونایتد بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێریک تێن هاگی راهێنەری پێشووی یانەکەی کاربکاتەوە.
 
ماوەی گرێبەستەکەی فرێنکی دی یۆنگ لەگەڵ بارسا دوای دوو ساڵ لە هاوینی وەرزی 2026 کۆتایی دێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە