سێڵفییەک کۆتایی بە ژیانی خانمە وەرزشڤانێک دەهێنێت

ناتالی سچێکۆڤا، خانمە یاریزانی چیک
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا، خانمە یاریزانێکی چیکی بەهۆی سێڵفییەکەوە کۆچی دواییکرد.
 
ناتالی سچێکۆڤا، خانمە یاریزانی یاریی جومبازی چیک، تەمەنی 23 ساڵە و بۆ وەرگرتنی پشوو چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ بەهۆی سێڵفییەکەوە کۆچی دواییکرد.
 
خانمە یاریزانەکە لەگەڵ کۆمەڵێک میوان و خۆشەویستەکەی چووەنەتە سەر سەر بەرزاییەکی نزیک قەڵای بەنێوبانگی نویشڤانشتاین لە ئەڵمانیا، کاتێک دەیەوێت سێڵفییەک بگرێت لە بەرزایی 80 مەتر بەردەبێتەوە و بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدات.
 
ناتالی دەیویست لەسەر بەرازییەکی نزیک قەڵایەکە و وێنەیەکی سێڵفی بۆ یادگاری بگرێت، لەسەر لووتکەی شاخەکە وێنەیەکی سێڵفی بگرێت و لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبکاتەوە، بەڵام لەو کاتە قاچێکی دەخزێت و لە بەرزایی 80 مەتر بەردەبێتەوە، خانمە یاریزانەکە دوای چەند رۆژێک مانەوە لە کۆمادا لە نەخۆشخانە کۆچی دواییکرد.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەربوونەوەکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مێشکی ئەو خانمە یاریزانە کردووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی.
 
ناتالی تەمەنێکی بچووکی هەبوو و لەسەر ئاستی چیک و دەرەوەی وڵاتەکەش لە یاریی جومبازدا بەشداریی لە چەند پاڵەوانێتییەکی جیاوازدا کردووە.