ڤیدیۆ؛ پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا دەستیپێکرد و جۆکۆ مێژووی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا بۆ یاریی تێنس دەستیپێکرد، نۆڤاک جۆکۆڤیچ قۆناخی یەکەمی زۆر بە ئاسانی بڕی و گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی باشترین تێنسزانەکانی جیهان.
 
جۆکۆ لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە یاریگەی ئارسەر ئاش، کە یاریگەی سەرەکی پاڵەوانێتییەکەیە بەرامبەر ئەلیکساندەر مولەری فەرەنسی یارییکرد.
 
نۆلێ بە ئەزموونە زۆر و ورە بەرزییەکەی هەر زوو کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سفر بردەوە.
 
لە کۆمەڵەی دووەم و سێیەمدا رکابەرەکەی هیچی پێنەکرا، جگە لەوەی خاڵێکی جوانی تۆمارکرد.
 
جۆکۆڤیچ یارییەکەی بە شەش سفر، شەش دوو و شەش سێ بردەوە و گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی باشترینەکانی جیهان و 390 هەفتە لە پێشەنگی ریزبەند بووە کە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە.
 
دۆمینیک تیمی تێنسزانی بەنێوبانگی نەمسا، لە یەکەم یارییدا سەرکەوتنی بەرامبەر ئەلیکساندەر بوبلیکی کازاخستانی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە قۆناخی دووەم.
 
یاریی نێوان هەردوو تێنسزان کەمتر لە دوو کاژێری خایاند و تیم بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر بە شەش سێ، شەش دوو و شەش چوار شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتوودا کردەوە و لە قۆناخی دووەمدا بەرامبەر بێن شێلتۆنی ئەمریکی یارییدەکات.
 
مارتن ڤوکسۆڤیچ، تێنسزانی هەنگاری لە یارییەکی زەحمەتدا بە سێ کۆمەڵەی بەرامبەر دوو کۆمەڵە سەرکەوتنی بەرامبەر سێباستیان کوردای ئەمریکی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
ئەنجامی کۆمەڵەکانی ئەم یارییە حەوت شەش، چوار شەش، حەوت شەش، چوار شەش و شەش چوار بوون.
 
لە قۆناخی داهاتوودا ڤوکسۆڤیچ بەرامبەر رینکی هیجیکاتای ئوسترالی یارییدەکات.
 
تایلەر فریتزی ئەمریکی و نۆیەمی ریزبەند، سەرکەوتنی بەرامبەر ستیڤ جونسۆنی هاونیشتمانی بەدەستهێنا و شوێنی خۆی لە قۆناخی دووەمدا کردەوە.
 
فریتز بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر و بە ئاسانی، بە شەش دوو، شەش یەک و شەش دوو یارییەکەی بردەوە و رووبەڕووی خوان پابلۆ ڤاریاسی پێرۆیی دەبێتەوە.
 
 
لەسەر ئاستی خانمان کارۆلین ڤۆژنیاکیی دانیمارکی بەهێزەوە لە رکابەرییەکەدا دەرکەوت و بە کاژێرێک و 31 خولەک سەرکەوتنی بەرامبەر تاتیانا پرۆزۆرۆڤای رووسی بەدەستهێنا.
 
کارۆلین لە 2020ـەوە لە یاریگەکان دوورکەوتبووەوە، ئەم مانگە گەڕایەوە و یارییەکەی بە شەش سێ و شەش دوو بردەوە و گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
 
ئیگا شیڤاتیکی پۆڵەندی و پاڵەوانی وەرزی رابردووی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە پاڵەوانێتییەکەدا، سەرکەوتنێکی ئاسانی بەدەستهێنا و لە ریبیکا پێترسنی سوێدیی بردەوە.
 
یەکەمی ریزبەندی جیهان بە کەمتر لە کاژێرک و لە 58 خولەکدا یارییەکەی تەواوکرد، کاتێک بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر شەش سفر و شەش یەک گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
لە قۆناخی دووەمدا شیڤیاتیک بەرامبەر داریا ساڤیلی ئوسترالی یارییدەکات.
 
لە یارییەکی دیکەی خانماندا، یێلینا ریباکینای تێنسزانی کازاخستانی و چوارەمی ریزبەندی جیهان، بەرامبەر مارتا کۆستیۆکی ئۆکراینی یارییکرد و گەیشتە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا.
 
لە یارییەکەدا ریباکینا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و کاژێرێک و 27 خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی شەش دوو و شەش یارییەکە یەکلابکاتەوە و بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.