ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ پلانێکی نوێی هەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هاوینە بۆ ریال مەدرید لە رووی گواستنەوەی یاریزانان کۆتاییهاتووە، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی یاریزانەکانی یانەکە پێکانیان هەیە.
 
هەمووان چاوەڕێبوون ریال مەدرید لەم هاوینەدا ئێمباپێ بباتە ریزەکانی، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە لە یانەی پاریس سانجێرمان دەمێنێتەوە، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "گواستنەوەی هاوینە بۆ ریال مەدرید کۆتاییهاتووە و یانەکە هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازێتەوە، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئێمباپێ پلانێکی نوێ هەیە".
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، دەڵێت "تاوەکو کاژێر 11:59 خولەکی شەوی 31ـی مانگ وادەی گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید کۆتایی نایەت".
 
لەلایەن خۆیەوە ماڵپەری فۆت مێرکاتۆی فەرەنسی پلانێکی نوێی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و دەڵێت "یانەی ریال مەدرید لەم هاوینەدا نایەوێت ئێمباپێ بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی ئێمباپێ پاداشتە داراییەکانی وەربگرێت، بەڵام پلانێکی دیکە هەیە کە یانەکە کاری بۆ دەکات و دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانی داهاتوودا، یاریزانەکە بەرامبەر بڕێک پارە بباتە یانەکەی."
 
بەپێی ماڵپەرەکە یانەی شاهانە ئامادەیە لە گواستنەوەی زستانەدا گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ بکات، سەرەڕای ئەوەی کە گرێبەستەکەی 6 مانگی دەمێنێت لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییبێت.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کارکردن بەو پلانە لەسەر گفتوگۆکانی نێوان یاریزانەکە و پاریس سانجێرمان دەمێننەوە، کە لە ئەگەری مانەوەی یاریزانەکە لە یانەکەدا بەدڵنیاییەوە ناسڕ خلێفی هەوڵدەدات رێگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە، چ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بێت یانیش دەستبەرداربوون لە گواستنەوەی زستانەدا.