لەپێناو مانچێستەر سیتیدا، یاریزانێک لە یانەکەی یاخیی بووە


رووداو دیجیتاڵ

ماتیۆس نونێز، لە گوشارکردن لە یانەی ولڤێرهامتن بەردەوامە لەپێناو رێگەپێدانی بە چوونە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، نونێز بەرپرسانی یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە ویستی گەورەی بۆچوونە سیتی هەیە، هەروەها هەوڵیداوە گوشارەکانی بۆسەریان بەرزتر بکاتەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن ئەو یاریزانە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە نەچووەتە مەشقەکانی یانەکەی و پێشبینیکراوە دۆخی لەگەڵ یانەکەدا زیاتر تێکبچێت و سزای بدەن.
 
ولڤێرهامتن، دەستەوارەیەکی سیتی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نونێز بەرامبەر 47 ملیۆن یۆرۆ رەتکردووەتەوە، یانەکە دەڵێن بەکەمتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ، ئەو یاریزانە لە یانەکە ناڕوات.
 
گرێبەستی نونێز لەگەڵ ولڤێرهامتن تاوەکو 2027 درێژدەبێتە، لەگەڵ بوونی خاڵێک بۆ نوێکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکە و کارگێڕیی ولڤەر سوورن لەسەر رێگرتن لە رۆیشتنی ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە، بەکەمتر لەو نرخەی ئەوان داوای دەکەن.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە کە پێشبینیدەکرێت سیتی لە دوا رۆژەکانی ماوەی گواستنەودا دەستەوارەکەی بەرز بکاتەوە و لە کۆتاییدا ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
نونێز پێشتر بە گرێبەستێکی گرانبەها بەبڕی 43 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە ولڤێرهامتنەوە کرد و ریزەکانی سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالیی بەجێهێشت.