یەکەم لێدوانی مانچینی دوای بوونی بە راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە

29-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبێرتۆ مانچینی هەڵبژاردەی سعودیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی سعودیە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کار دەکات بۆ ئەوەی مێژوو لەگەڵ سعودیە تۆمار بکات. گوتیشی "ژمارەیەک یاریی دۆستانە ئەنجام دەدەین پێش ئەوەی دەست بکەین بە بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال، پێموایە دەبێت کاری زۆر بکەین".
 
دوای ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە، بەفەرمی گرێبەستکردن لەگەڵ رۆبێرتۆ مانچینی راهێنەری ئیتاڵی راگەیاند و وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی سعودیە ناسێنرا، مانچینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، قسەی بۆ میدیاکارن کرد.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی سعودیە بوو:
 
بارودۆخەکە هەمیشە سەختە، چونکە ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا بگۆڕێت، کاتێک پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیام وەرگرت، تەنیا سێ رۆژ پێش یارییەکەمان بوو بەرامبەر سعودیە، هەر بۆیە یەکەم یارییم وەک راهێنەری ئیتاڵیا بەرامبەر سعودیە بوو.   لەگەڵ ئێوە هاوڕام کە من هەموو یاریزانە ئیتاڵییەکان دەناسم و ئەمە ئێستا بۆ ئێمە روونە. دە رۆژی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن بۆ ئێمە، بەڵام لە دە رۆژی رابردوودا سەیری زۆر ڤیدیۆی هەڵبژاردەی سعودیە و یاریزانەکانیم کردووە. هەروەها ژمارەیەک یاریی دۆستانە ئەنجام دەدەین پێش ئەوەی دەست بکەین بە بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال، پێموایە دەبێت کاری زۆر بکەین، بەڵام پێویستمان بە کاتێکی تەواو هەیە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە