مانچێستەر یونایتد یاریزانێکی نوێ دەکڕێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی هەوڵدەدات لە دوا کاژێرەکانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی نوێ بکات.
 
تۆڕی 'سکای سپۆرت' ئاشکرایکردووە کارگێڕیی مان یونایتد پەیوەندییان بە پیێر ئیمێل هۆیبێرگی یاریزانی ناوەڕاستی تۆتێنهامەوە کردووە، لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵی.
 
هۆیبێرگ دوو ساڵ لە گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی ماوە. پێشبینیکراوە سپێرز رێگە بەڕۆیشتنی ئەو یاریزانە بدات، ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاو هەبێت بۆ کڕینەوەی.
 
ئەو یاریزانە ئەمساڵ نزیکبوو لە چوونە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام لەگەڵ ئەو یانەیەدا نەگەیشتە رێککەوتن.
 
یاریزانە تەمەن 28 ساڵییەکە، ئەمساڵ تەنیا دووجار بەشداری یارییەکانی یانەکەی کردووە و هەردوو جارەکەش یەدەگ بووە.
 
هۆیبێرگ لەسەر داوای تێن هاگی راهێنەر بووەتە ئامانجی مان یونایتد، پێشتر ئەو یاریزانە کاتێک لە تیپی لاوانی بایرن میونشن بوو، لەژێر سەرپەرشتی تێن هاگدا کاریکردووە.
 
تێن هاگ کاتێک راهێنەری ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی بوو، هەوڵیدا گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە دانیمارکییەدا بکات، بەڵام یاریزانەکە ساڵی 2020 لە ساوسامتۆنەوە پەیوەندی بە تۆتێنهامەوە کرد.
 
مانچێستەر یونایتد ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە راسمۆس هۆیلاندی هێرشبەر، ئاندرێ ئۆنانای گۆڵپارێز و جۆنی ئیڤانزدا کردووە.