دیێگۆ سیمیۆنی: چاوەڕێی کەوتنی ریال و بارسا دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، دوای سەرکەوتنی تیپەکەی بە حەوت گۆڵی بێبەرامبەر بەسەر رایۆ ڤاییکانۆ لە هەفتەی سێیەمی لالیگا، گوتی تاوەکو ئێستا ریال و بارسا لەپێش هەموو یانەکانی دیکەوەن. روونیکردەوە تیپەکەی رکابەریی دەکات تاوەکو "ئەوکاتەی ئەوان کەوتن، ئێمە ئامادەبین بۆ شوێنگرتنەوەیان".
 
ئاتلێتیکۆ بردنەوەیەکی گەورەی بەسەر ڤاییکانۆدا بەدەستهێنا و زنجیرەی سەرکەوتنەکانی ئەو تیپەی راگرت کە لە دوو هەفتەی یەکەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.. سیمیۆنی دوای یارییەکە گوتی، "سەرسامبووم بە شێوەی مامەڵەی یاریزانەکان، پێشتر لەو جۆرە دۆخانەمان بینیووە کاتێک لە گێمی یەکەمدا سێ گۆڵ لەپێش بووین، بەرامبەر دواتر 3 - 3 یەکسانبووین، وەکئەوەی وەرزی رابردوو بەرامبەر ئیسپانیۆل تووشێ هاتین، بەڵام ئەمجارە باشبوو، دیارە لەو یارییەوە شتی زۆر فێربووین".
 
راهێنەری ئاتلێتیکۆ دەڵێ، "تیپێکی رکابەر و بەهێزمان هەیە و ئەمە هەموو کات واملێدەکات زۆر دڵخۆش بم، بەتایبەت پەرچەکرداری 16 یاریزانمان، متمانەم بە کاری گرووپەکەم هەیە، دەبێ هەموو کات باشترین پێشکێش بکەین".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە کە دوانزەیەمین وەرزی خۆی لەگەڵ یانەکە دەستپێکرد، گوتی، "ئاراستەی یارییەکەمان بەباشی زانی، سەرەتاکەی، وایکرد بزانین لە کوێوە دەتوانین ئەو بۆشاییانە بدۆزینەوە کە دەکرێ لە بەرژەوەندیی خۆمان سوودی لێوەربگرین، بۆشاییەکانمان دۆزییەوە و بەباشی قۆستمانەوە".
 
لەبارەی هەلی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگاوە لە وەرزی ئەمساڵدا، لەلایەن ئاتلێتیکۆ مەدرید، راهێنەری یانەکە دەڵێ، هێشتا ریال و بارسا لە هەموو روویەکەوە لە ئێمە لەپێشترن بۆ بردنەوەی نازناوەکە، بەڵام ئێمە دەبێ چاوەڕێی هەفتەکانی داهاتوو بکەین بۆ کەوتنی ئەوان، تاوەکو هەلەکە بقۆزینەوە و پێشانی بدەین ئامادەین.
 
ئاتلێتیکۆ لە سێ یاریی لالیگادا، دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە، راهێنەرەکەی دەڵێ، "هیوادارم بتوانین پارێزگاریی لەو ریتمە بکەین، چونکە تیپەکەمان لە دۆخێکی باشدایە".
 
بەو بردنەوەیە ئاتلێتیکۆ دۆخی یەکسانبوونی لە یاریی پێشوویدا بەرامبەر ریال بیتێس تێپەڕاند و بەوەش پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەستهێنایەوە.