رووداو دیجیتاڵ
کەس پێشبینینەدەکرد ماچە تەڕوبڕەکەی لویس رۆبیالێس لەگەڵ جنیفەر هێرمۆسۆ، لە کۆتاییدا بگاتە ئەوەی هەڕەشەی دوولەتبوون لە کۆی جیهانی تۆپی پێی ئیسپانیا بکات و تەنانەت مەترسیی گەورە لەسەر سەرجەم یانە و هەڵبژاردەکانی وڵاتەکەی دروست بکات و ببێتە هۆکار بۆ بەگژداچوونەوەی نێوان حکوومەتی وڵات و بەشێک لە بەرپرسانی تۆپی پێ، بەرامبەر بەشێکی دیکەی بەرپرسانی تۆپی پێی وڵات.
رۆبیالێس کە لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی مۆندیالی خانماندا تۆمەتی هەڵسوکەوتی نەشیاو و تووندوتیژی بەرامبەر خانمان رووبەڕووکراوەتەوە، پاش چەند رۆژێک لە تەنیا مانەوە بەرامبەر زریانی رەخنەکان و سڕکردنی لەلایەن فیفاوە، لە کۆتاییدا هەندێک کەسی دۆزییەوە کە پشتگیری بکەن، لە کاتێکدا لە دوای سووربوونییەوە لە دەستلەکارنەکێشانەوە، ئەو لە کۆی دیمەنەکە چووەتە دەرەوە و هیچ ناڵێت.
بەرلەوەی دەنگی پشتگیری لە رۆبیالێس بەرز ببێتەوە، بەرپرسانی یەکێتییە هەرێمییەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا لە کۆبوونەوەیەکی لەناکاودا کە چەندین کاژێری خایاند، داوایان لەو سەرۆک یەکێتییە کرد دەستلەکاربکێشێتەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکەی نێوانیان، بەرپرسەکانی یەکێتییەکانی تۆپی پێ لە بڵاوکراوەیەکدا سووربوونی خۆیان لەسەر وازهێنانی رۆبیالێس لە پۆستەکەی دووپاتکردەوە و داوایانکرد دەستبەجێ پەیکەری کارگێڕیی فیدراسیۆنەکە دابڕێژرێتەوە و پیدرۆ رۆکاش بەشێوەیەکی کاتی، سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکە وەربگرێت.
خوان خۆسێ ئارنسیبیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی لاس پاڵماس، لە دوای کۆبوونەوەکە گوتی "هەموو ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکرا، بەرەزامەندی هەموو سەرۆک یەکێتییەکان بوو و بڵاوکراوەی خۆمان راگەیاند و دووپاتمانکردەوە چیمان دەوێت و چیدەکەین. من ناتوانم لەوە زیاتر بڵێم و پێموایە هەمووان هاوڕاین لەسەرئەوەی کە کاردەکەین لەپێناو بەدەستهێنانی زیاتردا".
دوای هاوڕابوونی بەرپرسە حکومییەکانی ئیسپانیا لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی رۆبیالێس لە کارەکەی و هاتنە سەر هێڵی داواکاری گشتیی وڵات بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتەکانی، دەنگی ناڕەزایەتی لە بەشێکی دیکەی حکومەتی ئیسپانیاوە بەرزبووەوە و حکومەتیان بەوە تۆمەتبارکرد کە دەستدەخاتە ناو کاروباری وەرزشەوە و گوشار دەکات بۆ وازهێنانی رۆبیالێس لە پۆستەکەی.
ئەوەی بەرەی لایەنگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا داوای دەکات، کەمکردنەوەی گوشارەکانە لەسەر رۆبیالێس و بەردەوامبوونیەتی لە کارەکەی تا ئەوکاتەی یاسا قسەی کۆتایی لەبارەی دۆسێیەکەوە دەکات بە تۆمەتبارکردن یان بێگوناهکردنی رۆبیالێس. ئەو بەرەیە پێیانوایە هەنگاوەکانی حکومەتی ئیسپانیا دژ بە رۆبیالێس ئەگەری هەیە سەربکێشێت بۆ سزادانی کۆی تۆپی پێی ئیسپانیا لەلایەن یۆفاوە کە دەستوەردانی حکومەت لە تۆپی پێدا قبووڵ ناکات.
ڤیکتۆر فرانکۆس، وەزیری دەوڵەتی ئیسپانیا بۆ کاروباری وەرزش لەبارەی رووداوەکانەوە گوتوویەتی "نابێ فیدراسیۆنی تۆپی پێ نمایشێکی دیکەی هاوشێوەی ئەوە بکات کە رۆژی هەینی کردی. لەبەرئەوە داوا لە بەرپرسانی تۆپی پێی هەرێمەکان و پیدرۆ لاروخای سەرۆکی کاتیی یەکێتییەکە دەکەم ئەوە جێبەجێ بکەن کە هاووڵاتییانی ئیسپانیا و تۆپی پێی وڵات داوای دەکات".
گوشارەکان لەبەرەی رۆبیالێسەوە تا دێ زیاتر دەبن، ئانجلیس بیخار، دایکی لویس رۆبیالێس لە کەنیسەی شاری مۆترێلی باشووری ئیسپانیا پەناگیری و مانگرتنی لە خواردن راگەیاند بەهۆی مامەڵەی نامرۆیی بەرپرسەکان بەرامبەر کوڕەکەی. دایکی رۆبیالێس کە تەمەنی 46 ساڵە رایگەیاندووە تا بەدەستهێنانی دادوەری لە مانگرتنەکەی بەردەوام دەبێت و کارەکەی ئەو سەرنجی میدیاکان و حکومەتی بۆ لای خۆی راکێشا.
وەزیری دەوڵەتی ئیسپانیا بۆ کاروباری وەرزش، بێتوانایی خۆی لە ئاست هەنگاوەکەی دایکی رۆبیالێسدا پێشاندا "لەبارەی مانگرتنی دایکییەوە و ئەوەی لەپێناو کوڕەکەی دەیکات، من و هیچ کەسێکی دیکە ناتوانین سەرکۆنەی کارەکەی بکەین. ئەوەی دایک لەپێناو کوڕەکەیدا دەیکات کارێکی کەسییە و من رێزی لێدەگرن و ناتوانم هیچ شتێک بکەم. ناتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم دایکێک لە دۆخێکی ئاوادا پشتگیری کوڕەکەی نەکات".
دۆخی نێوان بەرەی دژ بە رۆبیالێس کە زۆرینەن و بەرەی لایەنگری ئەو سەرۆک فیدراسیۆنە کە تاوەکو ئێستا کەمینەن تادێ هەڵچوونی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و لەو نێوانەدا دەنگێکی دیکە سەرهەڵدەدات کە داوای زوو یەکلاکردنەوەی دۆسێیەکە دەکات، چونکە بەبۆچوونی ئەوان خەریکە کارەکە دەگاتە زیانگەیاندن بەکۆی تۆپی پێی وڵات و هەڵبژاردەکەی کە هاوینی داهاتوو بەشداریکردن لە یۆرۆی ئەڵمانیا، چاوەڕێی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ