مان سیتی پێناچێت رێگەی ئەمساڵی بۆ گەیشتن بە نازناوی پرێمەرلیگ ئاسان بێت

29-08-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پرێمەرلیگ، وەکچۆن هەموو شت جیاوازە، وەکچۆن هەمووان یاری جوان و خێرا و سەرنجڕاکێش ئەنجامدەدەن.. ئاوهاش رکابەریکردن لەسەر نازناو و دەستگرتن بەنازناوەوە یەکجار قورس و تاقەتپڕووکێنە.
 
مانچێستەر سیتی کە لەرووی کوالیتی و پێکهاتە و یاریزانانەوە گەشەی باشیکردووە بەهۆی بازاڕی گواستنەوەوە، بەئاسانی ناتوانێ خۆی بە رکابەری سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە پێشان بدات و ئەوانیدیکەش لە دەرەوەی بازنەی ململانێیەکە ببینێت.
 
سیتی کە هەنگاوەکانی پارێزگاری لە نازناوەکەی بە سەرکەوتن بەسەر ویستهامدا دەستپێکرد و دواتر بۆرنمۆسی گەڕاوەی نوێ بۆ پرێمەرلیگی دووچاری دۆڕان بە چوار گۆڵی بێوەڵامکرد، لە  یاری سێیەمیدا بەرامبەر نیوکاسڵ یاریکرد و لەوێ تیپەکەی گواردیۆلا خرایە ژێر دۆخێکەوە کە زەحمەتبوو بە ئاسانی لێی دەربچێت.
 
نیوکاسڵ سەرسەختانە جەنگا و بەرگری لە بەختی خۆیکرد بۆ بردنەوە، مانچێستەر سیتیش پێویستی بەهەوڵی زۆر و راهێنەرەکەشی پێویستیان بەگۆڕانکاری زۆر بوو، بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسانبکەنەوە و خاڵەکانی یارییەکە لەگەڵ رکابەرەکەیاندا دابەش بکەن.
 
یاری چوارەم سیناریۆیەکی هاوشێوە بەرۆکی سیتی گرتەوە، ئەمجارەیان کریستاڵ پاڵاس لە نێو یاریگەی ئیتیحاددا تیپی خانەخوێی دووچاری لە روودامانی هاندەرەکانی کرد و بە دوو گۆڵ پێشکەوت، بەڵام هالاند کە دیارترین ئەستێرەی نوێی یانەکەیە، بە تۆمارکردنی یەکەم هاتریکی خۆی لە پرێمەرلیگ.. درەوشانەوەی بەخۆی و سەرکەوتنیشی بە یانەکەی بەخشی.
 
سیتی گەرچی تاوەکو ئێستا لە هەنگاوەکانی نێو پرێمەرلیگدا باش رێ دەکات، بەڵام پێناچێ رێگەی ئەمساڵی بۆ گەیشتن بە نازناوەکە ئاسان بێت، چونکە گەر وەرزی رابردوو هەرزوو گۆڕەپانی ململانێ بۆ ئەو و لیڤەرپوول یەکلابووبێتەوە، ئەمساڵ ئارسیناڵ، تۆتێنهام و ئەوانیدیکەش بەنیازنین وا بەئاسانی دەستبەرداری شەڕ لەسەر نازناوەکە ببن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە