پیکێ و ئەلبا یاری دەکەن؟ چاڤی وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، وێڕای دەربڕینی دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوەی تیپەکەی لە ڤایادۆلید، پەسنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندی دا و گوتی "لیڤا نیعمەتێکە لە تیپەکەماندا". هەروەها باسی جیرارد پیکێ و خۆردی ئەلبای کرد و گوتی "دەرفەت بۆ یاریکردنی ئەوانیش دەبێت".
 
لە گەڕی سێیەمی لالیگادا، بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداری ڤایادۆلیدی کرد و 4-0 لێیبردەوە، کە لیڤاندۆڤسکی لەو یارییەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد.
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لە وەسفی لیڤادا گوتی "لیڤاندۆڤسکی دڵخۆش و ئاسوودەیە و دەیەوێت جیاوازی دروست بکات.. بێجگە لە گۆڵکردن، لە هێڵی پێشەوەدا زۆر شت بۆ ئێمە بەرهەم دەهێنێت و لەگەڵ یاریزانانی گەنج زۆر قسە دەکات. ئەو سەرکردەیەکی سروشتییە، ئەو نیعمەتێکە کە لە تیپەکەماندایە. یاریزانێکی خاکییە".
 
سەبارەت بە بالدی، کە دوو یارییە لە جیاتی خۆردی ئەلبا بەشێوەی سەرەکی یاری پێدەکات؟ راهێنەری بارسا گوتی "بالدی یاری دەکات لەبەرئەوەی کارەکانی بەباشی ئەنجامی دەدات، قۆناخێکی ئامادەکاریی باشی بەسەربردووە و شایەنی ئەوەیە یاری بکات".
 
چاڤی زیاتر لەبارەی بالدییەوە گوتی "ئەو کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە، لە یاریکردن بە یاریزانی بەرامبەر باشە، دەتوانێت لە باڵەوە یاری بکات، ئەو زۆر یارمەتیمان دەدات، گەنجێکی سەرسوڕهێنەرە". هەروەها گوتیشی "بەڵام بێگومان کات بۆ یاریکردنی خۆردی ئەلبا و جیرارد پیکێش دەبێت، پێویستمان بە نۆرەیە، رکابەریکردن لەگەڵ گەنجان پیکێ و ئەلبا باشتر دەکات. ئەوان سەرکردەن و هانی ژووری جلگۆڕین دەدەن، هەروەها بەو پەڕی سادەییەوە ئەم دۆخە قبوڵ دەکەن و دەبێت بەبێ گومانی بیگۆڕن".