ئاسۆ رۆستەم بۆ رووداو: لە خولی کوێتی زۆر ئاسوودەم

رووداو دیجیتاڵ

ئاسۆ رۆستەم، یاریزانیی پیشەگەری کورد، دوای ئەوەی یەکەم یاری لە خولی کوێتی لەگەڵ یانەی سالمیە ئەنجامدا، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرایکرد لە یاریکردن لەو خولەدا زۆر ئاسوودەیە. 
 
ئەو یاریزانە کوردە یەکەم تاقیکردنەوەی ژیانیەتی وەک یاریزانی پیشەگەر، وەرزی رابردوو باشترین ئاستی لە خولی نایابی عێراق پێشکەشکرد لە ریزی یانەی نەورۆز کە 18 گۆڵی تۆمارکرد وەک باشترین هێرشبەری ناوخۆیی هەژمارکرا، ئەمەش وایکرد یانەکانی ناوخۆی عێراق شەری بەدەستهێنانی واژۆی گرێبەستی بکەن، بەڵام دواجار یانەی سالمیەی کوێتی هەڵبژارد. 
 
یانەی سالمیەی کوێتی لە یەکەم یارییدا لە خولی کوێتی بە ئەنجامی گۆڵێکی خاوێن لە یانەی تەزاموونی بردەوە، ئاسۆ رۆستەم لە پێکهاتەی سەرەکی سالمیەدا یاریکرد. 
 
ئاسۆ رۆستەم، ئەمڕۆ دووشەممە بۆ رووداوی روونکردەوە "سوپاس بۆ خوا سەرەتایەکی باشمان هەبوو لەگەڵ یانەکەم بەوەرگرتنی سێ خاڵی گرنگ، بۆ من ئاسان نەبوو کە لەگەڵ تیپێکی نوێ و خولێکی نوێ یاری بکەم، بەڵام دڵخۆشم وەک یاریزانێکی پیشەگەر یاریم کرد". 
 
خولی کوێتی خولێکی ساڵانەیە کە 10 لە یارییەکانی بەشدارن، کە لە لایەن یەکێتیی تۆپی پێی کوێتەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەم خولە بۆ یەکەمجار لە 1961 سازکراوە. 
 
رۆستەم زیاتر گوتی "هیوام وایە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەم و ژمارەیەکی زۆر گۆڵ تۆمار بکەم لە ئاست یانەکە و دڵخۆشکردنی هاندەرانی بم، خۆم زۆر بەباشی لەگەڵ کەش و هەوای کوێت گونجاندووە". 
 
ئاسۆ رۆستەم، جیا لە یانەی نەورۆز وەرزێک یاری بۆ یانەی هەولێر لە خولی نایابی عێراق کردووە.