ئۆزێل گاڵتە بە ئارسیناڵ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود ئۆزێل، یاریزانی ئەڵمانی یانەی فێنارباخچەی تورکی، گاڵتە بە یانە کۆنەکەی دەکات بەهۆی شکستە گەورەکەی بەرامبەر یانەی مانچێستەر سیتی.

لە گەڕی سێیەمی پرێمەرلیگدا، یانەی مانچێستەر سیتی بە ئەنجامی 5 - 0 لە ئارسیناڵی بردەوە و بۆ سێیەم یاری بەسەریەکەوە تووشی شکست بوو، کە لەو 3 یارییەدا 9 گۆڵی خواردووە و هیچ گۆڵیشی نەکردووە.

لەو یارییەدا ئارسیناڵ بە ئاستێکی زۆر خراپ دەرکەوت و ئەگەر هێرشبەرانی مانچێستەر سیتی بەختیان هەبووایە بە ئەنجامێکی زۆر گەورەتر دەیانبردەوە.
 
ئەمە وای لە مەسعود ئۆزێلی یاریزانی پێشووی یانەی لەندەنی کرد، گاڵتە بە ئارسیناڵ بکات، کە وەرزی رابردوو لە لایەن میکێل ئارتێتای راهێنەری گانەرزەوە دەرکرا، کە پێیوابوو یاریزانە ئەڵمانییەکە زیادە لە تیپەکەی.

بۆیە دوای یارییەکە ئۆزێل توویتێکی کرد و بە گاڵتەجاڕییەوە نووسیبووی "متمانەتان بە سەرکەوتنی پڕۆژەکە هەبێت"، ئەو دەستەواژەیەی کە هەمیشە ئارتێتا لەدوای ئەو یارییانە بە یاریزانەکانی دەگوت، کە ئەنجامەکانی خراپ بوون.

ئۆزێلی 33 ساڵ، لە سەرەتای وەرزی رابردوو لەلایەن میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵەوە پشتگوێخرا، ئەو لە 2013ـەوە یاری بۆ ئارسیناڵ دەکات، مووچەیەکی بەرزی لەو یانەیە وەردەگرت کە دەگەیشتە 14 ملیۆن یۆرۆ، بۆیە لە کاتی پشتگوێخستنیشی ئامادەنەبوو لە یانەکە بڕوات، بەڵام ناچارکرا بڕوات و دواجار لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئامینە گۆلشەی هاوژینی یانەی فێنارباخچەی هەڵبژارد.