ڤان دایک بەسەر مێسی و رۆناڵدۆدا سەرکەوت

رووداو-هەولێر

ڤێرجل ڤان دایکی هۆڵەندی بووە باشترین یاریزانی ئەوروپا، دوای ئەوەی بەسەر هەردوو رکابەرەکی مێسی و رۆناڵدۆدا سەرکەوت.

ڤان دایکی هۆڵەندی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوولدا بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی وەرزی رابردوو، لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەنداشدا پلەی دووەمی جامی نەیشن لیگیان بردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری مۆناکۆی فەرەنسا مەراسیمی راکێشانی تیروپشکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2019-2020 راکێشکرا، لەهەمان کاتیشدا خەڵاتی باشترینەکانی وەرزی 2018-2019 دابەشکرا و ڤێرجل ڤان دایک بووە باشترین یاریزانی ئەوروپا.

ڤێرجل ڤان دایک لە دوای بردنەوەی خەڵاتەکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی " زۆر دڵخۆشم بەم خەڵاتە، ئەمە سەرەتای رێگەکەمە، هێشتا زۆرم ماوە و رێگەیەکی درێژ بوو، من ئەو یاریزانە نەبووم کە زۆربەی رێگە لە سەرەتای تەمەنمەوە ببڕم، بەڵام دەجەنگم بۆ بەدەستهێنانی هەمووشتێک"

ڤان دایک لە وەرزی رابردوو شانبەشانی گۆڵپارێز و بەرگریکارانی یانەی لیڤەرپوول زۆرترین کلین شیتیان هەبوو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

پلەی دووەمی باشترین یاریزانی ئەوروپاش بۆ لیۆنێل مێسی بوو، لە پلەی سێیەمیش کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناوی بینرا، ئالیسۆن بیکەریش چوارەم بوو

جگە لەو خەڵاتەش، ڤێرجل ڤان دایک بووە باشترین بەرگریکەری ئەوروپا، ئەمە یەکەمجارە ڤان دایک نازناوێکی کیشوەری بەدەستبهێنێت.

بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا یاریزانێکی هۆڵەندی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا دەباتەوە