رۆناڵدۆ رەتیدەکاتەوە بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال یاریی بکات


رووداو - هەولێر

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی رەتیکردووەتەوە بەشداری لە یارییەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بکات.

رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتالی رایگەیاندووە، رۆناڵدۆ پەیوەندییکردنی بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی یارییە دۆستانەکان رەتکردووەتەوە، کاتێک رووبەڕووی هەڵبژاردەی کرواتیا و هەڵبژاردەی ئیتالیا دەبێتەوە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ رکابەرییەکانی داهاتوو.

رۆناڵدۆ لەم ماوەیەدا دەیەوێت لەگەڵ یوڤێنتوس بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکە زیاتر خۆی بگونجێنێت و ئاستێکی بەرزتر پێشکەشبکات، لەکاتێکدا لە دوو یاریی یەکەمدا هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە.

هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگە و هاندەرانی رووبەڕووی کرواتیا دەبێتەوە، رۆژی 10ـی هەمان مانگ یارییەکی دیکەی دۆستانە بەرامبەر ئیتالیا ئەنجامدەدات.