ئەو یاریزانە جەزائیرییەی بەرامبەر رکابەرە ئیسرائیلییەکەی کشایەوە سزانادرێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن دریس مەسعود ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دریس مەسعود یاریزانی جەزائیری لە یاریی جودۆ دوای ئەوەی بەر یاریزانێکی ئیسرائیلی دەکەوێت رەتیدەکاتەوە یاری بکات و دەکشێتەوە بە بێ ئەوەی سزا بدرێت.
 
کشانەوەی یاریزانە جەزائیرییەکان و بەشێکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یارییەکانیان بەرامبەر بە یاریزانە ئیسرائیلییەکان لە ئۆڵیمپیاد و پاڵەوانێتییەکانی دیکەدا رووداوێکی نوێ نییە و لە مێژوودا چەند جارێک دووبارە بووتەوە، دوایینجار لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆی 2021دا وەرزشوانێکی جەزائیری بە ناوی فەتحی نورین بۆ ماوەی 10 ساڵ راگیرا، بەهۆی ئەوەی رەتیکردەوە لەگەڵ وەرزشوانێکی ئیسرائیلی یاری بکات و کشانەوەی خۆی لە یارییەکەدا راگەیاند.
 
ساڵی 2019 فیدراسیۆنی جودۆ، چالاکی سەرجەم یاریزانە ئێرانییەکانی هەڵپەسارد و رایگرتن لە بەشداریکردن لە پاڵەوانتییەکانی جودۆ دوای ئەوەی وەرزشوان، سەعید مولایی لە یاری پێش کۆتاییدا کشایەوە و یاری نەکرد، هەرچەندە بەرامبەرەکەی ئیسرائیلی نەبوو، بەڵام لە ئەگەری بردنەوەی لەو یارییەدا و گەیشتنی بە یاری کۆتایی، بەر یاریزانێکی ئیسرائیلی دەکەوت.
 
سەعید دوای یارییەکە رایگەیاند کە ئەو فەرمانی پێکرابوو یاری نەکات، بۆیە بە ناچاری کشایەوە، بەڵام دریس مەسعود، بە شێوەیەکی زیرەکانە خۆی لە سزا بە دوورگرت و بە شێوەیەکی یاسایی کشایەوە.
 
ئەو وەرزشوانە لە ئۆڵیمپیاددا لە یاری جودۆ، کێشی خوار 73 کیلۆگرامیدا بەشدارە، ئەو کێشی ئاسایی بوو تا شەوێک پێش یارییەکەی بەرامبەر بە وەرزشوانی ئیسرائیلی تۆهار بوتبول، کاتێک تاقیکردنەوەی کێشی بۆ دەکرێت دەبینرێت کە کێشی لە 73 کیلۆگرام زیاتر بووە و بەو شێوەیە ناتوانێت لە یارییەکەدا بەشدار بێت و پێویستە دووربخرێتەوە.
 
وا پێشبینی دەکرێت کە دریس بە مەبەست کێشی خۆی زیاد کردبێت بۆ ئەوەی دوور بێت لە سزا و بێ هیچ کێشەیەکی یاسایی لە یارییەکەیدا بکشێتەوە.
 
لیژنەی ئۆڵۆمپی ئیسرائیلی رایگەیاند، ئەوان پێیان وایە دریس مەسعود بە مەبەست ئەو کارەی کردووە، بۆ ئەوەی بکشێتەوە و خۆی رزگار بکات لە یاریکردن بەرامبەر بوتبول.
 
ئەوان ئەم کارە بە ناوەرزشیانە لە قەڵەم دەدەن و پێیانوایە لە جیهانی وەرزشدا شوێنی نابێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە