لە ئۆڵیمپیاددا شکستیهێنا و بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو دەدات

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوانا ئەڵۆنسۆ ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا، خانمە مەلەوانێکی پاراگوایی لە تەمەنی 20 ساڵیدا بڕیارییدا واز لە یارییکردن بهێنێت.
 
لوانا ئەڵۆنسۆ، خانمە مەلەوانی پاراگوایی لە رکابەرییەکانی مەلەوانیی 100 مەتری پەپۆلەدا بەشداریی لە ئۆڵیمپیاددا کردووە و لە رکابەرییەکانی ئەو یارییەدا پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، بەجیاوازیی 0.24چرکە لەگەڵ ئانا نیزارادزای جۆرجی، بەمەش خانمە پاراگوییەکە نەیتوانی بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی رکابەرییەکە.
 
دوای شکستهێنانی لە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی رکابەرییەکانی مەلەوانیی 100 مەتری، ئەڵۆنسۆ گوتی "بڕیارمدا واز لە یارییکردن بهێنم، سوپاس بۆ پاڵپشتی هەموولایەک و داوایلێبوردن لە پاراگوای دەکەم."
 
لوانا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "دڵخۆشم بەوەی لە ئۆڵیمپیاددا واز لە یارییکردن دەهێنم و ئەمە دوایین دەرکەوتنی من دەبێت، دوای ئەوەی ماوەیەکی درێژە یارییەکە دەکەم، 18 ساڵە لە مەلەوانیدا یارییدەکەم و دڵخۆشم ئۆڵیمپیاد دوایین بەشدارییکردنی من دەبێت."
 
لوانا ئەڵۆنسۆ پێشتر لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەشداریی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا کرد، جگە لەوەش پێشتر لە هەنگاریا بەشداریی لە پاڵەوانێتیی مەلەوانی جیهان و یارییەکانی پاڵەوانێتیی ئەمریکای باشووردا کردووە لە ساڵی 2022.
 
ئەڵۆنسۆ لەگەڵ ئەوەی تەمەنێکی بچووکی هەیە، بەڵام خاوەنی ناوبانگێکی گەورەیە و لە ئینستاگرام زیاتر لە 342 هەزار فۆڵەوەرسی هەیە و یەکێکە لە وەرزشڤانە دیارەکانی پاراگوای و ئەمریکای باشوور لەسەر ئاستی خانمان.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە