نهێنی چوونی لینی یۆرۆ بۆ مانچێستەر یونایتد ئاشکرا بوو

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لینی یۆرۆ ریال مەدرید مانچێستەر یونایتید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لینی یۆرۆ، بەرگریکەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد، بەهۆی بەڵێنێکی نهێنییەوە پەیوەندی بەو یانەیەوە کردووە، لە کاتێکدا هەموو ئاماژەکان بەئاراستەی گرێبەستکردنی ریال مەدرید بوون لەگەڵ ئەو یاریزانە.
 
لە هاوینی رابردووەوە، ناوی یۆرۆ بەریال مەدریدەوە دەبەسترایەوە، سەرچاوەکان کۆکبوون لەسەرئەوەی کە ئەو یاریزانە دەچێتە ریال مەدرید. هەندێک سەرچاوە باسیان لە رێکەوتنی یۆرۆ لەگەڵ ریال مەدرید دەکرد، لەبارەی مەرجە کەسییەکان، بەڵام لەناکاو ئەو یاریزانە پەیوەندی بەمانچێستەر یونایتدەوە کرد.
 
تۆڕی 'دیڤێنسا سێنتراڵ' ئاشکرایکردووە، هێشتنەوەی ئومێدی پەیوەندیکردنی یۆرۆ بەریال مەدریدەوە لە داهاتوودا، هۆکاری رۆیشتنی ئەو یاریزانەیە بۆ مانچێستەر یونایتد.
 
ئەو تۆڕە دەڵێ، ریال مەدرید تووشی شۆکبووە لە چوونی یۆرۆ بۆ مانچێستەر یونایتد. چونکە یاریزانەکە لەناکاو ئەو یانە ئینگلیزییەی هەڵبژاردووە، لەکاتێکدا یاریزانەکە و خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی، بەڵێنی ئەوەیان لە یونایتد وەرگرتووە هەر کاتێک ریال مەدرید داوای ئەو یاریزانە بکات، یانە ئینگلیزییەکە تەگەرە نەخاتە بەردەم گواستنەوەکە.
 
سەرچاوەکە دەڵێ، لینی یۆرۆ، دوودڵبووە لە رازیبوون بەچوونە مانچێستەر یونایتد، بەڵام بەڵێنەکەی بەرپرسانی یانەکە وایانکردووە ئەو بەچوونە یونایتد رازی بێت، لە کاتێکدا هێشتا هیواخوازە لە داهاتووی نزیکدا درێسی ریال مەدرید بپۆشێت.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، ریال مەدرید لەو هەڵسوکەوتەی لینی یۆرۆ تووڕە بووە و بڕیاریداوە لە داهاتووشدا جارێکی دیکە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە، نەچێتەوە سەر هێڵ.
 
یۆرۆ لە دوای پەیوەندیکردنی بە مانچێستەر یونایتد، لە یەکەم یاریی دۆستانەی یانەکەدا بەرامبەر ئارسیناڵ بەشداریکرد، بەڵام دووچاری پێکانبوو و ماوەی دوورکەوتنەوەی دیار نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە