ئەمشەو کلاسیکۆیە

29-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کلاسیکۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ، هاندەرانی تۆپی پێ بینەری یارییەکی کلاسیکۆی سەرنجڕاکێش دەبن، کاتێک هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە چوارچێوەی قۆناخی ئامادەکارییدا رووبەڕووی یەکدەبن.
 
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 00:00 لەسەر یاریگەی ئەی تی تی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، 80 هەزار هاندەر دەتوانن لەنێو یاریگەدا سەیری یارییەکە بکەن و چەند هەفتەیەکی زۆر لەمەوبەر سەرجەم بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون.
 
ریال مەدرید دوو یاریی دۆستانەی لە ئەمریکا ئەنجامداوە، هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە، جارێک بەرامبەر میلان و ئەوەی دیکەشیان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، ئامانج لە یارییەکەی ئەمجارە دوو شتە بردنەوە و درێژەدان بەو پلانەی کە ئەنچێلۆتی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی کاری بۆ دەکات، بەتایبەت لە رووی هێرشبەرییە بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێکدا ئێمباپێ نەیەت یانەکەی بەتەواوی بۆ رکابەرییەکان ئامادەبێت.
 
هاوشێوەی دوو یاریی رابردوو، بۆ ئەم یارییەش ئاردا گولەر، یاریزانی لاوی یانەکە یاریی ناکات، لەکاتێکدا بەتەنیا مەشقی کردووە و دەستەی پزیشکی ریال مەدرید چاودێریی بارودۆخی دەکات بۆ ئەوەی ئامادەبێت، بەڵام دەرکەوتنی یاریزانەکە بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئاڵۆزە.
 
هەرچی تایبەتە بە یانەی بارسێلۆنا و پێکهاتەی چاڤی هێرناندێز، یانەکە یارییەکی دۆستانەی ئەنجامداوە و بە ئەنجامێکی گەورە بە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دۆڕا، ئەنجامدانی یاریی کلاسیکۆ بەر لە چوونە نێو رکابەرییەکانی وەرزێکی درێژ هەلێکی زۆرباشە بۆ پێکهاتەی کەتەلۆنییەکان بۆ ئەوەی هەڵسانگاندنێکی دروست بۆ ئاست و توانای تیپەکە بکەن.
 
لە ریزەکانی یانەکەدا سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن، یارییەکە هەرچەند دۆستانەیە، بەڵام لەبەرئەوەی کلاسیکۆیە، رەهەندی جیاوازی هەیە و بردنەوە لە یارییەکەدا بۆ هاندەرانی هەردوو تیپ لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی هەردوو یانەدا گرنگترین شتە.
 
دوای ئەم یارییە هەردوو یانە ئیسپانییەکە دوایین یاریی دۆستانەی خۆیان لە ئەمریکا بەرامبەر دوو یانەی ئیتاڵی ئەنجامدەدەن، بارسێلۆنا بەرامبەر میلان و ریال مەدریدیش بەرامبەر یوڤێنتوس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە