سەرۆکی فیفا بەهۆی مۆندیالی خانمانەوە هەرایەکی گەورە دەنێتەوە

29-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیانی ئینفانتینۆ مۆندیالی خانمان 2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، دوای جێهێشتنی مۆندیالی خانمان، کە لە ئوسترالیا و نیوزلەندا بەڕێوەدەچێت، تووڕەیی و مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
ماڵپەڕی سکای نیوزی بەریتانی لە راپۆرتێکی تایبەتدا، وردەکارییەکانی جێهێشتنی مۆندیالی خانمان لەلایەن سەرۆکی فیفاوە ئاشکرادەکات.
 
ئینفانتینۆ دوای کەمتر لە هەفتەیەک لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، جامی جیهانی خانمانی بەجێهێشت.
 
سکای نیوز بەدواداچوون بۆ جوڵەی فڕۆکەیەکی تایبەتی کرد کە ئینفانتینۆ بەکاری دەهێنا، و بۆی دەرکەوت کە لە 17ـی تەمموزدا تاهیتی بەجێهێشت، و  لە نیوزلەندا نیشتەوە و نزیکەی هەشت رۆژ مایەوە، پێش ئەوەی لە 25ـی تەمموزدا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە تاهیتی.
 
فیفا تاوەکو ئێستا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئینفانتینۆ کەی دەگەڕێتەوە بۆ پاڵەوانێتییەکە کە بڕیارە لە 20ـی ئاب کۆتایی پێبێت.
 
جێهێشتنی پاڵەوانێتییەکە لەلایەن ئینفانتینۆیەوە رەخنە و گلەیی زۆری لێکەوتەوە، کە پێشتر بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە وەک مۆندیالی پیاوان هەمان رێزی بۆ مۆندیالی خانمان هەیە. هەروەها گوتیشی ئەم پاڵەوانێتییە دەبێتە ئاهەنگێک بۆ یەکسانی.
 
تەنانەت لە ناوەڕاستی مۆندیالی 2022ـی پیاواندا لە قەتەر، ئینفانتینۆ دڵخۆشیی خۆی بەوە نیشاندا کە ئامادەی هەموو ئەو یارییانە بووە کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون و ئەوکات 32 یاری ئەنجامدرابوون. 
 
ئینفانتینۆ تاوەکو ئێستا ئامادەی هیچ یارییەکی مۆندیالی خانمان لە ئوسترالیا نەبووە، هەروەها سەردانی ئەو وڵاتەی نەکردووە لەوەتەی لە ساڵی 2020 مافی میوانداریکردنی بە هااوبەشی لەگەڵ نیوزلەندا پێبەخشراوە.
 
تەنانەت لە نیوزیلەندا تەنیا ئامادەی ئەو یارییانە بووە کە لە پێنج رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا لەو وڵاتە ئەنجام دراون، بە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە 20ـی تەمموزەوە دەستیپێکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە