یاسایەکی نوێ بۆ لێدانی سزا

رووداو دیجیتال

لێدانەکانی سزا هەمیشە کێشە و مشتومڕ لە یارییەکانی تۆپی پێدا دەهێننەوە، لەبەرئەوە یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دەیەوێت بە دەرکردنی چەند یاسایەکی نوێ کۆنترۆلی بارودۆخەکە بکات و ئاستێک بۆ ئەو مشتومڕانە دابنێت.

یەکێک لەو کارانەی زۆرترین جار دەبێتە هۆکاری مشتومڕ، فێڵکردنی یاریزانی جێبەجێکاری لێدانی سزایە لە گۆڵپارێز لە کاتی جێبەجێکردنی لێدانەکە.

یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکردووە بۆ ئەوەی کۆنترۆلی بارودۆخەکە بکات و ئاستێک بۆ ئەو هەموو مشتومڕە دابنێت.

بەپێی یاساکانی نوێی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، ئەگەر جێبەجێکاری لێدانی سزا لە کاتی راکردن بۆ سەر تۆپەکە هەوڵبدات راوەستێت و فێڵ لە گۆڵپارێز بکات، ئاساییە و رێگە پێدراوە، بەڵام کاتێک دەگاتە سەر تۆپەکە بۆی نییە هەوڵبدات فێڵ لە گۆڵپارێز بکات.

هەروەها بەپێی یاسای نوێ، ئەگەر یاریزانەکە لە کاتی گەیشتنە سەر تۆپەکە هەوڵی فێڵکردنی دا، یارییەکە بەردەوام دەبێت بە هەژمارکردنی لێدانی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو تیپەی لێدانی سزای لەسەر گیراوە، تۆپەکە چووبێتە ناو گۆڵ یان نا، هەروەها جێبەجێکاری لێدانەکەش کارتێکی زەرد وەردەگرێت.