ڤیدیۆ؛ ئیتاڵیا بە برینێکی قووڵەوە دەچێتە نێو قۆناخی 16ـی یۆرۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

هێشتا تاڵیی سەرنەکەوتنیان بۆ مۆندیالی رابردوو لەبیرنەکردووە، هێشتا شۆکی نەگەیشتن بە گەورەترین پاڵەوانێتی جیهان بەشێکی زۆری هاندەرانی بەرینەداون، دەیانەوێت لە پاڵەوانێتییەکی کیشوەریدا ئەوە لە بیر هاندەرانیان ببەنەوە.
 
ئەمە ئیتاڵیایە کاتێک لە دەستپێکی یەکەم قۆناخی کرانە دەرەوەی یۆرۆی 2024 بەرامبەر سویسرا یاری دەکات، ئەو سویسرایەی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022 ئیتاڵیای ناردە قۆناخەکانی پاشکۆی پاڵاوتن و لەوێشەوە ئازووری سەرنەکەوت.
 
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یەکەم یاریی قۆناخی شازدە ئەنجامدا، ئەوان بۆ یارییەکی گرنگ و مێژوویی ئامادەن و دەیانەوێت درێژە بە کاروانەکەیان بدەن لەو گەشتەدا کە ئەوانی وەکو پاڵەوان بردووەتە ئەڵمانیا، بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی یۆرۆ.
 
لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا ئەلیساندرۆ باستۆنی بەهۆی هەوکردنەوە بەشداری نەکرد، فێدریکۆ دی مارکۆ، لە بەشێکی کەمی مەشقەکاندا ئامادەبوو و ریکاردۆ کالافیۆریش بەهۆی وەرگرتنی دوو کارتی زەردەوە ناتوانێت یاری بکات، کە ئەمیان لە باشترینەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان بوو و یاریی نەکردنی کاریگەریی گەورەی لەسەر هێڵی بەرگری ئازووری دەبێت.
 
گفتوگۆی نێوان دوو کەسە، یەکێکیان خۆی راهێنەرە، ئەوەی دیکەیان یاریزان و راهێنەرە، موراد یاکن و گرانیت شاکا، بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی لە ئیتاڵیا ببەنەوە و لە رکابەریکردندا بەردەوامبن.
 
هەڵبژاردەی سویسرا، لە دوایین ئامادەکارییەکانیدا بەبێ هیچ کێشەیەک مەشقی ئەنجامدا، ئەوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیتاڵیا ئامادەن.
 
هەردوو هەڵبژاردە لە یۆرۆی 2020 رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئیتاڵیا 3-0 بردییەوە، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا لە یەک کۆمەڵە بوون، سویسرا ئیتاڵیای ناردە قۆناخی پاشکۆ و لە مۆندیال بێبەشیکرد، ئەمە رەهەندێکی زیاتری داوەتە یارییەکە، ئەمڕۆ بەرلین لە یەکەم یاریی قۆناخی شازەدەدا رکابەرییەکی مێژوویی و گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.
 
ئیتاڵیا بە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو تاڵی ئەو مێژووە لە بیر هاندەرانی دەبێت، یان سویسرا بۆ ئیتاڵیا و هەموو سویسرا دووپاتیدەکاتەوە، ئەوەی روویدا رێککەوت نەبوو و دەتوانن ئەمجارەش دووبارەی بکەنەوە.