خوان لاپۆرتا: بارسێلۆنا بریتییە لە کرۆیف، لاماسیا، کەتەلۆنیا و یونیسێف

رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە یانەکەی بەرتیلی بە هیچ ناوبژیوانێک نەداوە و بابەتی نێگرێرا تەنیا هەوڵێک بوو بۆ لێدانی بارسێلۆنا. گوتیشی "تاوەکو دوایین دڵۆپی خوێنمان بەرگری لە بارسێلۆنا دەکەین".
 
لاپۆرتا، هێرشی کردەوە سەر خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا و گوتی "بەهۆی رەتکردنەوەی CVC بابەتی نێگرێرایان بۆ دروستکردین، بەهیچ شێوەیەک پرس و راوێژ کردن بە ناوبژیوانێک گەندەڵی و نایاسایی نییە".
 
ئەو زیاتر گوتی "یەکێک لە مەرجەکانی گرێبەستەکە لەگەڵ سی ڤی سی ئەوەبوو کە خاڤیێر تێباس یەکەمجار بۆ ماوەی 15 ساڵ بمێنێتەوە، پاشان بۆ ماوەی 8 ساڵ، مووچەکەشی دوو هێندە زیاد بکرێت". 
 
هەروەها گوتی "پێیانگوتین ئەگەر ئەم پرۆسەیە بکەین لەسەدا 15ـی مافی یاریی خاوێنمان پێدەدرێت. پێیان گوتین ئەگەر واژۆ نەکەین ناتوانین گرێبەست واژۆ بکەین یان ئەرکەمان قورستر دەکەن". 
 
سەرۆکی بارسا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کاتێک گوتوویانە نەخێر، هێمای چەوتیان لەسەر داناون و گوتی "من گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە لەوانەیە کەتەلۆنیا لەناو وڵاتەکەدا بێت، بەڵام تەنانەت بەو شێوەیەش هەندێک کەس ناتوانن ئەوە قبوڵ بکەن کە بارسێلۆنا ناسنامەی کەتەلۆنیایە. ئەوان بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن دەستی بەسەردابگرن".
 
ئەو گوتیشی "دەبێت ئەو کەسانە باش بزانن کە ئێمە تا دوا دڵۆپی خوێنمان بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بارسێلۆنا دەکەین. ئێمە ئەوە دەکەین، چونکە بارسێلۆمان خۆشدەوێت".
 
لاپۆرتا، لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە "شتێکی باشە کە بارسێلۆنا کۆمپانیا نییە، چونکە ئەمە وادەکات بارسێلۆنا بەشێک لەم کۆمەڵگایە و سەر بە شار و دەوڵەت بێت، ئەوە رێگەمان پێدەدات زۆر کار بکەین، کە ئەوانی دیکە ناتوانن بیکەن".
 
ئەو گوتیشی "بارسێلۆنا بریتییە لە کرۆیف، لاماسیا، کەتەلۆنیا، یونیسێف".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە، گوتی "هێشتا چاکسازییەکەمان کۆتایی نەهاتووە، چونکە هێشتا کورتهێنانی کارکردنمان 200 ملیۆن یۆرۆیە، کە بە پلانی خۆپارێزی کاری لەسەر دەکەین، بەڵام ئەوەی بۆ یانەکەمان بەباش نەزانی گرێبەستەکە بوو لەگەڵ سی ڤی سی".