ڤیدیۆ؛ مێسی و هاوڕێکەی دەگەڕێنەوە لای یەکدی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی بەشێوەیەکی فەرمی تاتا مارتینۆی راهێنەری بەنێوبانگی ئەرجەنتینیی وەک راهێنەری نوێی یانەکەی دیارییکرد.
 
شەوی چوارشەممە یانە ئەمریکییەکە دوای گواستنەوەی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و سێرخیۆ بوسکێس، گرێبەستکردنی لەگەڵ تاتا مارتینۆ راگەیاند، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت و شوێنی فیل نیڤێل پڕبکاتەوە کە سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.
 
خۆرخی ماس، خاوەنی یانەکە دەڵێت "زۆر خۆشحاڵین بە پێشوازیکردن لە تاتا مارتینۆ، هەستدەکەین ئەو راهێنەرێکە لە ئاست خواستەکانی یانەکەدایە و گەشبینین بەوەی کە دەتوانین لەگەڵ ئەو راهێنەرە ئەوە بەدەستبهێنین کە ئێمە دەمانەوێت، بەتایبەت کە تاتا لە ئاستێکی بەرزدا راهێنەرایەتیی کردووە و پێموایە سوودێکی زۆری بۆ یانەکە دەبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکان."
 
لەلایەن خۆیەوە دەیڤد بێکهام هاوبەشی خاوەنی یانەکە دەڵێت "تاتا کەسایەتییەکی زۆر بەڕێزە لە وەرزشەکەماندا و ژیانی پیشەیی ئەو قسە دەکات، دڵنیاین دەستکەوتەکانی و ئەزموونی کاری راهێنەرایەتیی ئیلهامبەخش دەبن بۆ تیپەکەمان، ئێمەش دڵخۆش دەبین کە ئەو کاریگەرییە ببینین کە لە ناو و دەرەوەی یاریگەدا دەبێت."
 
تاتا مارتینۆ تەمەنی 60 ساڵە، لە 1998ـەوە کاری راهێنەرایەتی دەکات، راهێنەرێکی بەنێوبانگی ئەرجەنتینییە، پێشتر راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەکانی پاراگوای، ئەرجەنتین و مەکسیکی کردووە، لەسەر ئاستی یانەکانیش راهێنەری بارسێلۆنا، نیۆڵز ئۆڵد بۆیز، ئاتالانتا یونایتد و چەندین یانەی دیکە بووە.
 
مارتینۆ پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ لیۆنێل مێسی هەیە و هاوڕێی یەکدین، پێشتر راهێنەرەکە لەگەڵ ئاتالانتا یونایتد لە 2018 نازناوی خولی ئەمریکای بردووەتەوە و دەیەوێت هاوکاریی ئینتەرمەیامی بکات بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئەنجامە خراپەکانی.