مانێ باس لە هاوکارییەکانی بۆ گوندەکەی و نوێژکردنی دەکات

29-06-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سادیۆ مانێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سادیۆ مانێ، ئەستێرەی سەنیگالی و نوێی یانەی بایرن میونشن دەڵێت هەموو شتێک دەکەم لەپێناو بایرن میونشندا و باس لە هاوکارییەکانیشی بۆ گوندەکەی دەکات.
 
مانێ لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا دوای چوونی بۆ بایرن میونشن دەڵێت " دڵنیاتان دەکەمەوە وەرزی داهاتوو جیاواز دەبێت، من لێرەم و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەکە پێشکێشبکەم، دەبێت متمانەمان بەخۆمان هەبێت کە دەتوانین هەر کارێک بکەین، کاتێک کوالێتی ئەم تیپە دەبینم دەتوانم بڵێم یەکێک لە باشترین یانەکانی ئەوروپایە."
 
سادیۆ زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت " ئامانجی من بەتەنیا نییە، بەڵکو ئامانجی هەموو یاریزانێکە یاری بۆ بایرن میونشن بکات، دەمەوێت لەگەڵ یانەکە هەموو نازناوەکانی وەرزی داهاتوو ببمەوە، ئەمە ئەوەیە کە من دەمەوێت و ئەمە بەشێکە لە عەقڵیەتی ئەم یانەیە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دەتوانێت هاوشێوەی محەممەد سەڵاح بڵێت من باشترین یاریزانی جیهانم؟ سادیۆ مانێ بەپێکەنینەوە گوتی " من نامەوێت قسە لەبارەی خۆمەوە بکەم، هەرچەند بەشێکی زۆری یاریزانەکان دەیڵێن، بەڵام بەلای منەوە هەمیشە تیپەکە گرنگترین شتە."
 
مانێ لەبارەی گەڕانەوەی بۆ گوندەکەی و یارییکردن لەنێو قوڕ و لیتەدا بە رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی گوت " کێ هەیە حەزی لە یارییکردن نەبێت، لەگەڵ باشترین هاورێکانی، ئەگەر لەژێر بارانیش بێت، هەمیشە باشە بگەڕێیتەوە ئەو شوێنەی کە هەموو شتێک لێیەوە دەستیپێکرد."
 
لەبارەی ئاینەکەیەوە سادیۆ مانێ گوتی " من موسڵمانم و شانازی بە موسڵمانبوونی خۆمەوە دەکەم، ئەمە بەشێکە لە ژیانی من، لەنێو خێزانێکی زۆر ئایینیدا گەورەبووم، رۆژانە 5 جار نوێژ دەکەم و ئەمە هێزم پێدەبەخشێت."
 
لەبارەی هاوکارییەکانی بۆ گوندەکەی ئەستێرە سەنیگالییەکە دەڵێت " نامەوێت باسی ئەوە بکەم و من کەسێک نیم بڵێم سەیرکەن چیمکردووە، تەنیا دەمەوێت هاوکاریی خەڵکەکەم بکەم، لە گوندەکەم 2 بۆ 3 هەزار کەس دەژین، زۆر شت هەن کە پێویستیان پێتە، نەخۆشخانەیەک و قوتابخانەیەکم دروستکردووە، لەوێ لە دایکبووم و گەورەبووم، زۆر بە سادەیی دەمەوێت ئەو نیعەمەتە بگەڕێنمەوە بۆ زێدەکەم."
 
سادیۆ مانێ، دوای 6 ساڵ یارییکردن لە یانەی لیڤەرپوول، بە گرێبەستێک بەرامبەر 41 ملیۆن یۆرۆ تاوەکو ساڵی 2025 پەیوەندیی بە یانەی بایرن میونشنەوە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە