ئەستێرەیەکی NBA بەرگری لە کورد دەکات

29-06-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەنیس کانتەر رەجەب تەیب ئەردۆغان
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەستێرەیەکی بەناوبانگی NBAـی لەسەر پرسی کورد دێتە دەنگ و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پارێزگاری لە کورد بکەن و دەڵێت "حکومەتی تورکیا ماوەی چەندین ساڵە کورد دەچەوسێنێتەوە و لەنێویان دەبات".

ئەنیس کانتەر، یاریزانی باسکەی بە رەچەڵەک تورک، کە لە خولی باسکەی پیشەگەرانی ئەمریکیدا یاری بۆ یانەی بۆستن دەکات، وەک پشتگیرییەک لە کورد، هاشتاگی #KurdishLivesMatter واتە "ژیانی کورد گرنگە"، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، کە هاوشێوەی هاشتاگی "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە"ە، کە دوای کوشتنی جۆرج فلۆیدی پیاوە رەشپێستە ئەمریکییەکە لە لایەن پۆلیسێکی ئەمریکییەوە، هەموو جیهانی تەنییەوە.

ئەنیس نووسیویەتی "من لە رۆژهەڵاتی تورکیا لە شاری وان گەورە بوومە، زۆر هاوڕێی کوردم هەبوو، جوانترین مرۆڤن کە من بینیم بن، خوشک و برایانی کورد چەندین ساڵە رووبەڕووی ئازار و لەنێوبردن دەبنەوە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە، پێویستە بەهەر نرخێک بێت بیانپارێزین". 

ئەنیس کانتەر، بە یەکێک لە بەرهەڵستکارانی ئەردۆغان دادەنرێت، کە ماوەیەکی زۆر محەممەدی باوکی لە تورکیا دەستگیرکرا بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە رێکخراوێکی تیرۆریستی، بەڵام دواتر دادگا ئازادی کرد و تۆمەتەکەی لەسەر لادا.

ئەنیس کانتەر، کە هەمیشە لە تٶڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرش دەکاتە سەر ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا، لەبارەی ئازادکردنی باوکییەوە نووسیبووی "ئێستا باوکم ئازادە، دەتوانم لە خۆشییان بگریم، دەیانویست باوکم بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزا بدەن، بەڵام لە هەموو جیهانەوە گوشارێکی زۆر خرایە سەر رژێمی تورکیا، بۆیە بەناچاری ئازادکرا".

کانتەر کە 9 ساڵە لە خولی باسکەی ئەمریکی یاری دەکات، هیوادەخوازێت دایک و باوکی ڤیزای ئەمریکا وەربگرن و بەیەکجاری بچنە لای ئەو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

کانتەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زۆر کەس پێیانوایە ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زێدەڕۆیی دەکات لە قسەکردن لەسەر ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا، بەڵام وەک خۆی دەڵێت "من بەو شێوەیە گوشاریان دەخەمە سەر، ئەوان لە دەنگی من دەترسن".

ئەو یاریزانە تورکە، هەروەها دەڵێت "چەندین ساڵە گوێم لە دەنگی دایک و باوکم نەبووە، چونکە ئەوان ناوێرن بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ بکەن، لەبەرئەوەی چاودێری خراوەتە سەر تەلەفۆنەکانیان". ئەو تەنیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کەریمی برای هەیە، کە ئەویش لە ئیسپانیا یاریزانی باسکەیە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە