سانچێز رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبێتەوە

رووداو - هەولێر

چارەنووسی ئەلێکسیس سانچێزی ئەستێرەی یانەی ئینتەرمیلان، بەرەو نادیار دەچێت لە کاتێکدا وەرزی ئەمساڵی خولەکانی ئینگلتەرا و ئیتاڵیا بەرەو کۆتایی دەچن.

سانچێز کە یاریزانی مانچێستەر یونایتدە و بەشێوەی خواستن یاری بۆ ئینتەرمیلان دەکات، تا ئێستا لە نێوان هەردوو یانەدا چارەنووسی دیار نییە.

سەرچاوەکان دەڵێن: تا ئێستا هەردوو یانە نەگەیشتوونەتە رێکەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو یاریزانە بە مانەوە لە ئینتەرمیلان یان گەڕانەوە بۆ یونایتد.

رۆژنامەی میرۆر باسی دۆخی ئەو یاریزانەی کردووە و دەڵێ: مان یونایتد دەیەوێت سانچێز بەیەکجاری لە یانەکە بڕوات، بەتایبەت کە پێویستی بەپارە هەیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ جادۆن سانچۆی یاریزانی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، بەڵام یانەکە تا ئێستا نەگەیشتووەتە رێکەوتن لەگەڵ ئینتەردا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو یاریزانە.

پیپی مارۆتای بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ئینتەرمیلان، پێشتر لە لێدوانی رۆژنامەڤانیدا گوتبووی ئەم دۆخە هەڵپەسێردراوە پێویستی بەچارەسەرە، چونکە ئێمە تا ئێستا لەگەڵ مان یونایتد و چێڵسیدا کاردەکەین بۆ نوێکردنەوەی ماوەی خواستنی سانچێز و مۆسیس.

بەڕێوەبەری یانە ئیتاڵییەکە کارەکە بەئاسان ناودەبات و دەڵێ: ئەوە شتێکی رۆنتینییە، لەگەڵ بایرن میونشنیش لە هەوڵداین بۆ نوێکردنەوەی ماوەی خواستنی ئیڤان پیریسیچ.

ئینتەرمیلان تا کۆتایی وەرزی ئەمساڵ، 10 یاری دیکە لە خولی ئیتاڵی ئەنجامدەدات لەگەڵ تەواوکردنی بەشدارییەکانی لە خولی ئەوروپی.