لەنێوان خلێفی و ئێمباپێدا شەڕ و هەرایە

29-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناسر خلێفی کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی لییکێپی فەرەنسی، وردەکاریی دوایین قەیرانی نێوان کیلیان ئێمباپێ و ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان ئاشکرا دەکات، کە یاریزانە فەرەنسییەکە بەفەرمی بڕیاریداوە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لە یانە پاریسییەکە بڕاوت.
 
رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان کە پێویستی بە رێککەوتنی دارایی نێوان هەردوولا هەیە، رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، بە جۆرێک کە گەڕاندنەوەی شتەکان بۆ سەر رێڕەوی خۆیان نزیکە لە مەحاڵ.
 
بەپێی ئەوەی لیکێپ ئاشکرای کردووە، یانە پاریسییەکە مووچەی مانگی نیسانی ئەو یاریزانەی نەداوە، هەروەها 80 ملیۆن یۆرۆی قەرزدارە وەک پاداشتی دڵسۆزی کە بڕیاربوو مانگی شوباتی ساڵی رابردوو پێیبدرێت.
 
رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند "پرۆسەی جیابوونەوەی نێوان ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان بەردەوامە لە رێگەی پارێزەرانی بەشدار لە دۆسییەکەدا، لە کاتێکدا یانە پاریسییەکە جگە لەوەی مووچەی مانگی نیسانی پێنەداوە، پاداشتێکیشی بۆ خەرج نەکردووە کە بڕیاربوو لە کۆتایی مانگی شوباتدا پێیبدات".
 
راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە، ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەکە ئەو کەسەیە کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی سەرجەم کارەکانی پەیوەست بەو بابەتە و دەڵێت "لە مانگی ئابی 2023 کاتێک ئێمباپێ رەتیکردەوە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، ئەو یاریزانە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خلێفی بەڵێنیدا دەستبەرداری 80 ملیۆن یۆرۆ بێت لە پاداشتی دڵسۆزی، بۆ ئەوەی رۆیشتنی ئەو زیانی دارایی بۆ یانەکە نەبێت".
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە خلێفی بەتووڕەیی لە مانگی شوباتدا بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیە نەداتە ئێمباپێ، کە بە 80 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت، و بە دەوروبەری یاریزانەکەی گوتووە کە ریال مەدرید دەبێت ئەو بڕە پارەیە بە ئێمباپێ بدات وەک قەرەبوویەک بۆ نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی. 
 
پێش مانگی نیسان، ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان رێککەوتن لەسەر رۆیشتنێکی دۆستانە، کە زیانی دارایی بە هیچ کام لە لایەنەکان نەگەیێنێت. بەڵام هەموو ئەو شتانەی دواتر روویاندا، بوونە هۆی بوومەلەرزەیەک کە دوای کۆبوونەوەی مانگی شوباتی نێوان یاریزانەکە و سەرۆکەکە خراپتر بوو، و یاریزانەکە لە مانگی حوزەیراندا رۆیشتنی خۆی پشتڕاستکردەوە.
 
لە کاتێکدا پەیوەندی نێوان ئێمباپێ و خلێفی بەتەواوی پچڕاوە، بەبێ هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ، پارێزەرانی هەردوولا ئیمەیڵ ئاڵوگۆڕ دەکەن بۆ دانوستاندن لەسەر مەرجەکانی رۆیشتنی ئەو یاریزانە، پاریس سانجێرمانیش سوورە لەسەر بەدەستهێنانی بەڵێننامەیەکی نووسراو لە گۆڵکاری مێژوویی تیپەکە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بە دەستبەرداربوون لە 80 ملیۆن یۆرۆ، لە کاتێکدا نوێنەرانی کیلیان داوای مووچەی شایستەی ئەو دەکەن.
 
بەپێی دەوروبەری یاریزانەکە، ئێمباپێ لە مانگی شوباتەوە لەلایەن خلێفی سزا دراوە، کاتێک رۆیشتنەکەی پشتڕاستکرایەوە، بەو پێیەی لە کۆی 21 یاری رابردووی ئەم وەرزە 11 یاری نەکردووە، هەرچەندە بەگشتی یاریزانی سەرەکی بوو لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگدا، بەهۆی ئەو باوەڕەی خلێفی کە ئەمە رێگەیەکی گونجاو نییە بۆ ماڵئاواییکردن.
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەی لیکێپدا هاتووە "دانوستاندنەکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا دەرئەنجامی کۆتایی نادیارە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە