فەرمی.. فیلک بووە راهێنەری بارسێلۆنا

29-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هانزی فلیک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی واژۆکرد و بووە راهێنەری یانەی بارسێلۆنا.
 
فلیک سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چووە بارەگای یانەی بارسێلۆنا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئەو یانەیە و کارگێڕیی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە واژۆکرد و وەکو راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا دەستبەکاردەبێت.
 
گرێبەستی هانزی لەگەڵ بلاوگرانا تاوەکو ساڵی 2026 دەبێت و بۆ ماوەی دوو وەرزە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، راهێنەرەکە لەو یانەیەدا مووچەکەی 3 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، بەڵام چەند پاداشتێک رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە ئەگەری بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، یانەکە 1 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت دەداتە راهێنەرە ئەڵمانییەکە، ئەگەر نازناوی لالیگاشی بەدەستهێنا، بارسێلۆنا 750 هەزار یۆرۆ وەکو پاداشت دەداتە ئەو راهێنەرە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "ئامانجی سەرەکی هانزی فلیک لە بارسێلۆنا بەدەستهێنانی پارە نەبووە، ئەو دەیەوێت هاوکاریی یانەکە بکات بۆ ئەوەی بارسا بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکان بۆ بردنەوەی نازناوەکان و کاردەکات بۆ ئەوەی گەشە بە توانای یاریزانە لاوەکانی یانەکە بدات لە داهاتوودا."
 
هانزی فلیک دەبێتە سێیەم راهێنەری ئەڵمانی لە مێژوودا وەکو راهێنەری بارسێلۆنا کاربکات، لە دوای هەریەکە لە هاینز فایسلفایلەر لە 1975-1976 و ئودۆ لاتیک لە 1981-1983.
 
فلیک تەمەنی 59 ساڵە، پێشتر راهێنەری یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووە و ئەمە یەکەم ئەزموونی کارکردنی دەبێت لە دەرەوەی ئەڵمانیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە