ئەمشەو پاڵەوانێکی دیکەی ئەوروپا دەردەکەوێت

29-05-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کۆنفرانسلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا تووندوتیژییەکی زۆر باڵی بەسەر تۆپی پێی یۆنانیدا کێشاوە، یانەیەکی ئەو وڵاتە هەوڵی بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی ئەوروپی لە مێژووی خۆیدا دەدات و یارییەکەش لەسەر خاکی هەمان وڵات بەڕێوەدەچێت.
 
یاریگەی ئایا سۆفیا لە ئەسینا، ئەمشەو گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی پاناسینایکۆسی یۆنانی و فیۆرێنتینای ئیتاڵی دەبێتەوە و هەردوو یانەش هیوای سەرکەوتن بۆخۆیان دەخوازن.
 
پاناسینایکۆس کە لەگەڵ خۆسێ مێندیلیباری راهێنەری ئیسپانیدا وەک سوپرایزێک خۆی گەیاندووەتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، پێویستی بەوە هەیە یەکەم نازناوی ئەوروپی بەخۆی و بەوڵاتەکەشی ببەخشیت. وێڕای بەشداریی بەردەوامی یانە یۆنانییەکان لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا، بەڵام کەسیان خۆی لەسەر ستەیجی نازناوەکان نەبینیوەتەوە.
 
مێندیلیبار کە وەرزی رابردوو پێشەوایەتی سێڤییای ئیسپانی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆلیگ، ئێستا جێگەی ئومێدی یۆنانییەکانە بۆ گەیشتن بەخەونەکە. ئەو راهێنەرە بەئارامییە هەمیشەییەکەی خۆیەوە سەرقاڵی گەیاندنی یۆنانییەکانە بەخەونەکەیان.
 
خۆسێ لویس مێندیلیبار، راهێنەری یانەی ئۆڵیمپیاکۆس، باس لە شێوازی مامەڵەی تیپەکەی لەگەڵ یارییەکەدا دەکات، ئەو دەڵێ،"دەبێ ئارام بین، چونکە بەئارامی کارمانکرد و گەیشتینە ئێرە. هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر دۆخی خۆمان بگۆڕین، بۆیە پێویستە چاومان لەسەر ئەوەبێت کە هاوکارمانبوو بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن. دەزانین یارییەکە گرنگە و کۆتاییە، دۆخەکەش جیاوازە، بەڵام دەبێ مامەڵە لەگەڵ یارییەکەدا بکەین هاوشێوەی یارییەکانی پێشوو، چونکە ئەوە تاکە رێگەیە کە رێگەی بۆخۆشکردین بۆ گەیشتن بەم قۆناخە".
 
فیۆرێنتینای ئیتاڵی، هیواخوازە لە یارییەکەی ئەمشەودا خۆی لەدووبارەبوونەوەی سیناریۆی وەرزی رابردوو بپارێزێت، کاتێک یاریی کۆتایی هەمان خولی بە وێستهامی ئینگلیزی دۆڕاند. فیۆرێنتینا ئومێدەخوازە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، ئەو نازناوە ئەوروپییە بەدەست بهێنێت.
 
دوایینجار کە یانە ئیتاڵییەکە لەسەر سەکۆی نازناو بووبێت، ساڵی 2001 و بیست ساڵی تەواو بەرلەئێستابوو، ئێستا ئیتاڵیانۆی راهێنەری تیپەکە، دەیەوێت ئیدی سنوورێک بۆ چاوەڕوانیی هاندەرانی یانەکەی دابنێت. بەڵام رووبەڕووی مەترسییەکانی هێرشبەرێکی کاریگەری وەک ئەیوب کەعبی دەبێتەوە کە بەتۆمارکردنی دوو گۆڵ، هۆکاری سەرەکیی دەرپەڕاندنی وێستهامی هەڵگری نازناو بوو لە پاڵەوانێتییەکە.
 
فیچێنزۆ ئیتاڵیانۆ، راهێنەری یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵی، باسی ئەیوب کەعبی کردووە، ئەو پێیوایە کە تیپەکەی پلانی راگرتنی ئەو یاریزانەی هەیە، "دەزانین ئەو یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی تیپەکە، بەڵام من وەک پێشتریش گوتوومە، پلانی خۆمان بۆ سنووردارکردنی مەترسییەکانی داناوە. بەوردی و هزرفراوانییەوە کارەکە دەکەین و سەرکەوتوو دەبین تێیدا. ئەگەر ئەوە نەکەین، یاریزانێکی وەکئەو دووچاری کێشەمان دەکات، هەر بۆیە دەبێ ئەوە بڵێمەوە کە ئەو متمانەی زۆری بەخۆی هەیە و رێگەیەکی ناوازەی بۆ دروستکردنی مەترسی هەیە و ئێمەش کاردەکەین بۆ ئەوەی پاڵنەرمان هەبێت تاوەکو لەسەدا سەد و دە لە وزەی خۆمان خەرج بکەین".
 
فیۆرێنتینا و ئۆڵیمپیاکۆس وەرزە نێوخۆییەکەی ئەمساڵیان لە خولی وڵاتەکانیان خراپ و پڕ لە شکست بوو، هەردوو یانە بەمسۆگەرکردنی نازناوێکی ئەوروپی، دەتوانن سەرەتای رێگەیەکی نوێ بۆ وەرزی داهاتوو، بەسەرکەوتنەوە بگرنە دەست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە