ڤیدیۆ؛ تیپی خانمانی بایرن 11-1 بردییەوە و بووە پاڵەوانی ئەڵمانیا

29-05-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن تیپی خانمانی بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوشێوەی تیپی پیاوان، تیپی خانمانی یانەی بایرن میونشن بووە پاڵەوانی خولی ئەڵمانیا لەسەر ئاستی ئافرەتان، دوای ئەوەی گۆڵبارانی یانەی پۆستدامی کرد. 
 
ئەنجامی یارییەکە لەوانەیە بەلاتانەوە سەیر بێت، چونکە بایرن میونشن بە ئەنجامی 11 بە 1 یارییەکەی بردەوە، ئەم ئەنجامانەش لە تۆپی پێی ئافرەتاندا روودەدەن. 
 
ئەم یارییە لە گەڕی کۆتایی خولەکەدا بوو کە گەڕی 22ـی بۆندسلیگا بوو، یانە باڤارییەکە بە جیاوازیی دوو خاڵ لەپێش یانەی ڤۆڵفسبۆرگەوە بوو بە کۆکردنەوەی 59 خاڵ لە بەرامبەر 57 خاڵی یانە سەوزەکەی ڤۆڵکسڤاگن. 
 
ئەمە جاری پێنجەم بوو یانەی بایرن میونشن نازناوی خولەکەی بردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو یانەی بایرن میونشن و ڤۆڵفسبۆرگ لە ماوەی 11 وەرزی رابردوو نازناوەکەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردبوو، کەچی دوایین یانەی جیاواز لەو دوو یانەیە کە بووبێتە پاڵەوان، یانەی پۆستدام بوو کە لەم یارییەدا 11 گۆڵی لێکرا. 
 
ئەم یانەیەی لەم یارییەدا تووشی ئەو کارەساتە بوو، پێشتر دوو جار بووەتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، شەش جاریش بووەتە پاڵەوانی خولی ئەڵمانیا لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2012، ئەمساڵیش بەفەرمی بۆ خولی یانە پلە دووەکان دابەزی. 
 
ئەستێرەی ئەم یارییە ساکی کوماگای ژاپۆنی بوو کە هاتریکی تۆمارکرد، دامنیانۆڤیچ و لیا شولە هەریەکەیان دوو گۆڵیان کرد، گۆڵەکانی دیکەش جۆرجیا ستانوەی، لینا ماگول، کارۆلین سیمۆن و پێرلا ڤیگۆسدۆتیر تۆماریان کردن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە