فەرمی.. پۆچێتینۆ بووە راهێنەری چێڵسی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی ماوریسیۆ پۆچێنتینۆی ئەرجەنتینی، وەک راهێنەری یانەکەی دیارییکرد.
 
یانە ئینگلیزییەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو راهێنەرە بۆ دوو ساڵ لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵی سێیەم راگەیاند و لە رۆژی 1-7-2023ـەوە بەفەرمی وەک راهێنەری یانەکە دەست بەکاردەبێت.
 
هەریەکە لە لاورێنس ستیوارت و پاوڵ وینستانلێی بەڕێوەبەرە هاوبەشەکانی یانەی چێڵسی دەڵێن "ئەزموونی کارکردنی پۆچێتینۆ تایبەتمەندییەکانی سەرکردایەتیکردنی دەبنە هاوکارێکی زۆرباش بۆ یانەکە، بەتایبەت کە ئەو لە ئاستە بەرزەکاندا و لە خولی جیاوازدا کاریکردووە، ئەوەش هاوکاردەبێت بۆ ئەوەی تۆپی پێی چێڵسی پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی یانەی چێڵسی دەڵێت "پۆچێتینۆ راهێنەرێکی بەنێوبانگ و سەرکەوتووە، خۆشحاڵین کە ئەو پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە دەکات و پێشینەیەکی نایابی هەیە و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپەکە بێت."
 
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ پێشتر لە پرێمەرلیگ کاریکردووە و راهێنەری یانەی تۆتێنهام بووە، جارێک ئەو یانەیەی گەیاندووەتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، پاشان بووەتە راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و لەگەڵ ئەو یانەیە سێ نازناوی جیاوازی بردووەتەوە.