200 ملیۆن یۆرۆ بۆ بنزیما

29-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتووی کەریم بنزیما، هێرشبەری فەرەنسیی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ یانەکە دیارنییە و یانەیەکی سعودیش دەستەوارەیەکی گەورە و خەیاڵیی بۆ ئەو یاریزانە ئامادەکردووە.
 
ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی دەڵێت "بنزیما بیر لە بەجێهێشتنی ریال مەدرید دەکاتەوە، هۆکارەکەشی ئەو دەستەوارە گەورەیەیە کە لە سعودیەوە پێشکێشی یاریزانەکە کراوە."
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دەستەوارەیەی لە سعودیە بۆ بنزیما ئامادەکراوە بۆ دوو ساڵە و بەرامبەر 200 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، کە بۆ هەر ساڵێک 100 ملیۆن یۆرۆ دەدرێتەوە ئەو یاریزانە.
 
هەرچەند سەرچاوە ئیسپانییەکە ئاماژەی بە ناوی ئەو یانەیە نەکردووە کە داوای بنزیما دەکات، بەڵام میدیای سعودیە لە چەند هەفتەی رابردوودا رایگەیاندبوو، کە یانەی ئیتیحاد پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی سعودیە ئەو یانەیەیە کە داوای کەریم بنزیما دەکات بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو هەم لەسەر ئاستی سعودیە و هەمیش لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.
 
کەریم بنزیما تەمەنی 35 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لەم هاوینەدا کۆتاییدێت، بەهۆی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆرەوە، یاریزانەکە ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەبەردەمە، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە یاریزانەکە بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە، بەتایبەت کە لەم وەرزەدا لەگەڵ ریال مەدرید ئاستی دابەزی و یانەکەشی تەنیا نازناوی جامی شای ئیسپانیای بردەوە.
 
بنزیما لە 2009ـەوە لە یانەی ریال مەدرید یارییدەکات، ئێستا نرخی یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 35 ملیۆن یۆرۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە